Ads (728x90)

“بای پیرۆز” لە چیرۆکی پاڵەوانەکانی “کامیکاز”
یەکێك لە فڕۆکەوانەکان دەڵێت: فڕۆکەوان سەرکەوتوو نابێت تاوەکو گرێبەستێك لەگەڵ مردن واژۆ نەکات.

ئەو بەو قسەیەی ئەوەمان بە پوختەکراوی دەخاتە بەردەست، کە ئارەزووکردنی فڕین لە بەرزییدا، باجێکی گەورەی لە ژیاندا گەڕەکە، کە دەبێت بدرێت.

لە بەناوبانگترین تیمی فڕۆکەوانی جەنگی لەسەر ئاستی جیهان، ئەوەیە کە بە “کامیکاز” دەناسرێت، “کامیکاز” وشەیەکی یابانییە بە واتای “با” دێت.

چیرۆکی فڕۆکەوانەکانی تیمی فڕۆکەوانی جەنگی “کامیکاز” لە جەنگی جیهانی دووەمدا زانراوە، ئەوان بڕیارێکی دەستەجەمعییانە و بە کۆمەڵ دەدەن بۆ هەڵسان بە کردەوەی خۆکوژی بە ڕێگەی فڕۆکەکانیان لە دژی کەشتییە جەنگییەکانی هاوپەیمانان کە وڵاتەکەیانی بۆردومان دەکرد و شارەکانیانی وێران دەکرد و ڕۆڵەکانیانی دەکوشت.

“بای پیرۆز” لە چیرۆکی پاڵەوانەکانی “کامیکاز”
هەندێك لە گێڕانەوەکان دەڵێن: فڕۆکەوانە خۆکوژەکان 1500 فڕۆکەوان بوون، لە هەندێك ڕیوایەتی دیکەدا ژمارەکەیان دەگاتە 5000 فڕۆکەوان.

لە دیمانەیەکدا لەگەڵ یەکێك لەو فڕۆکەوانانە، کە بە موعجیزە ڕزگاری بووە، ڕۆژنامەنووسەکە پرسیاری لێدەکا: دوا وتەتان چیبوو پێش بەریەککەوتنەکە..؟!، ئەو دەڵێێ: گوێم لە فڕۆکەوانەکان بوو هاواریان دەکرد: دایە..!.

ئەو فڕۆکەوانە ڕزگار بووە لە بارەی خۆیەوە دەڵێت: بە درێژایی ژیانی نەیزانیووە دایکێکی هەبووبێت..!، لەسەر وتنی ئەو وشەیەش ڕانەهاتووم..!، بەڵام کاتێك مردن نزیك بوویەوە، هاواری ژنە گۆرانیبێژێکم کرد کە لەو ڕۆژگاردا بەناوبانگ بوو، بەڵام چانس یاوەری نەبوو و بە موعجیزە لە مردن ڕزگاری بووە، ئەو خەمباریشە بەوەی هاواری دایکی نەکردووە!.

دوای کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانی دووەمیش، یابانییەکان مۆزەخانەیەکیان لە “تۆکیۆ” دروستکرد بۆ ئەوەی یادەوەری پاڵەوانەکانی “کامیکاز” بە زیندوویی بمێنێتەوە، مۆزەخانەکە وێنە و نامە و هەندێك پاشماوەی فڕۆکەوانەکان لەخۆدەگرێت، بەڵام ئەوەی سەیرە، ژووری یەکەمی مۆزەخانەکە و لە تەنیشت وێنەی فڕۆکەوانەکە، وێنەی خێزانەکەی و سێ منداڵەکەی هەیە، ئەوەش بە پێچەوانەی ژوورەکانی دیکە کە ئەوەی تێدا نییە..!، کاتێکیش پرسیار لە بەڕێوبەری مۆزەخانەکە کرا دەربارەی بوونی ئەو وێنانە لە تەنیشت وێنەی فڕۆکەوانەکە، ئەو وەڵامێکی زۆر سەرسوڕهێنەری دایەوە!.

بەڕێوبەری مۆزەخانەکە دەڵێت: کاتێك فڕۆکەوانەکان بەڵێنیاندا هەڵبستن بە ئەنجامدانی کردەوە خۆکوژییەکان بە شێوەی بە کۆمەڵ، خاوەنی وێنەی فڕۆکەوانەکەی ژووری یەکەم خێزاندار بووە و سێ منداڵی هەبووە، بۆیە سەرکردەکە داوایکرد ببەخشرێ لەو ئەرکە و ڕەتیکردەوە بەشداری پێبکات لەو کردەوە خۆکوژیانە، بۆیە فڕۆکەوانەکە زۆر خەفەتبار دەبێت، چونکە نەیتوانی بەشداری بکات لەو ئەرکەدا..!، ژنەکەی هەست بەوە دەکات کە زۆر خەم بەو دەخوات، بۆیە بڕیار دەدات یارمەتی بدات لە بەدیهێنانی هیواکەی، هەر بۆیەش هەڵدەستێت ژەهر دەداتە هەر سێ منداڵەکانی و دەستبەجێ دەمرن، دواتر بە خۆیشی ژەهر دەخوات و دەمرێت..!، بەوەش فڕۆکەوانەکە بەبێ خێزان و ماڵ و منداڵ دەمێنێتەوە و دەگەڕێتەوە لای سەرکردەکەی و بۆی ڕوون دەکاتەوە کە ڕێگری لە بەردەم بەشداریکردنی لەوە کردەوە خۆکوژیانە نەماوە، یەکسەریش سواری فڕۆکەکەی بوو و خۆی کێشا بە کەشتییەکی جەنگی ئەمریکییدا!.

فڕۆکەوانەکانی “کامیکاز” بەو کردەوە خۆکوژییە بە کۆمەڵە هەڵسان وەکو ناڕەزایەتییەك لە بەرامبەر خۆبەدەستەوەدانی ئیمپڕاتۆری یابان و ملکەچکردن بۆ ژەنەراڵی ئەمریکی “ماك ئارسەر”، یابانییەکانیش بەوە ناسراو بوون کە تا پلەی پیرۆزکردن دڵسۆز بوون بۆ ئیمپڕاتۆر، بەڵام هەڵگەڕانەوەی سریەی “تۆکۆتای” کە پاڵەوانەکانی “کامیکاز” لەو سریەیەدا بوون، هۆکارێك نەبوو بۆ شێواندنی قوربانیدانیان و تۆمەتبار بکرێن بە تێکدانی یەکڕیزی نەتەوەی یابانی، بەڵکو یابانییەکان مۆزەخانەیەکیان لە “تۆکیۆ” بۆ دروستکردن بۆ ئەوەی یادەوەری پاڵەوانەکانی “کامیکاز” بە زیندوویی بمێنێتەوە، چونکە ئەوان گەلێکن چاکەی پیاوەکانیان دەزانن، تەنانەت ئەگەر کارەکانیان هەڵگەڕانەوەش بێت لە دەستەڵاتی ئیمپڕاتۆرییەتی پیرۆز!.

إرسال تعليق