Ads (728x90)

دڕك لە ژێر گوڵە یان گوڵ لەسەر دڕکە؟!
پیاوێك ویستی خانووەکەی بفرۆشێت و بچێتە خانووێکی باشتر، بۆیە ڕۆیشتە لای یەکێك لە هاوڕێکانی، کە خاوەنکار و پسپۆڕی بازاڕدۆزینەوە بوو، داوای لێکرد یارمەتی بدات لە نووسینی ڕێکلامێك بۆ فرۆشتنی خانووەکەی.

هاوڕێکەی شارەزایی تەواوی لەسەر خانووەکەی هەبوو، بۆیە وەسفێکی تێروتەسەلی بۆ نووسی، تێیدا باسی پێگەی جوان و ڕووبەری گەورە و دیزاینی ئەندازەیی خانووەکەی کرد، باسی باخچە و گەرماوی خانووەکەشی کرد، کە هەر لەناو گەرماوەکەشدا مەلەوانگە هەیە و تاد...

هاوڕێکە دوای نووسینی ڕێکلامەکە، دەقی نوسراوی ناو ڕێکلامەکەی بۆ خاوەنی خانووەکە خوێندەوە، ئەویش بە بایەخێکی زۆرەوە گوێی بۆ گرتبوو، پاشان داوای لێکرد جارێکی دیکە ڕێکلامەکەی بۆ بخوێنێتەوە..!، پاش ئەوەی جارێکی دیکە بۆی خوێندەوە، خاوەن خانووەکە هاواری کرد: بەڕاستی خانووێکی جوان و خۆشە!.

ئینجا خاوەن خانووەکە بە هاوڕێکەی وت: بە درێژایی تەمەنم خەون بە خانووێکی لەو شێوەیە دەبینم، نەشمدەزانی کە لەو خانووەدا دەژیم تا گوێم لێنەبوو تۆ وەسفی دەکەی..!، ئینجا زەردەخەنەیەك هاتە سەر لێوەکانی و بە هاوڕێکەی وت: تکایە ڕێکلامەکە بڵاو مەکەوە، چونکە خانووەکەم بۆ فرۆشتن نییە!.

بەڕێزان، وتەیەکی کۆن هەیە و دەڵێت: سەرژمێری ئەو نیعمەتانە بکە کە خوای گەورە پێیبەخشیووی و یەك لە دوای یەك لەسەر پارچە کاغەزێك بیاننووسە، ئەوجا دەزانی کە تۆ زۆر لە جاران بەختەوەرتری!.

بەڕاستی ئێمە لە بیرمان دەچێت سوپاسی خوای گەورە بکەین، چونکە بیر لە نیعمەتەکانی خوای گەورە ناکەینەوە و وای دانانێین کە ئەو نیعمەتانەمان هەیە، بەڵام چونکە بەس ناخۆشییەکان دەبینین، توڕە و سەغڵەت دەبین و نیعمەتەکان نابینین.

یەکێکی دیکە لە وتە جوانەکان، کە زۆر لە شوێنی خۆیدایە، دەڵێت: ئێمە سکاڵای ئەوە لای خوای گەورە دەکەین، کە دڕکی لە ژێر گوڵەکاندا داناوە، بەڵام باشترە بۆمان شوکرانەی بکەین لە بەرامبەر ئەوەی، کە گوڵی لەسەر دڕکەکان داناوە!.

إرسال تعليق