Ads (728x90)

چل ساڵ لە چاوەڕوانی سزادا..!
پێشەوا “موحەممەد كوڕی سیرین” لە گەورە تابیعی و دەوڵەمەندەكانیان بووە، خاوەنی سامانێكی ئێكجار گەورە بووە لە هەنگوین..!، كە نزیكەی 600 بەرمیل هەنگوینی هەبووە..!، ئەو ملیۆنێر نەبوو، بەڵكو ملیاردێر بوو!.

ڕۆژێكیان، مشكێكیان لەناو یەكێك لە بەرمیلە هەنگوینەكان دۆزییەوە..!، حوكمی شەرعیش لەو حاڵەتەدا ئەوەیە، ئەگەر مشك كەوتە ناو شتێكی شل وەكو ڕۆنی زەیت و هەنگوین و شیر “بۆ نموونە”، مشكەكە فڕێ دەدرێت و شتە شلەكەش فڕێ دەدرێت..!، بەڵام ئەگەر مشك كەوتە ناو شتێكی ڕەق و توند وەكو ڕۆن “بۆ نموونە”، مشكەكە فڕێ دەدرێت و دەوروپشتی ئەو شوێنەی مشكەكەی كەوتۆتە ناو  “لە شتە ڕەقەكە” فڕێ دەدرێت و ئەوەكەی دیكە پاكە و دەتواندرێت سوودی لێوەربگیرێت!.

بەڵام كاتێك مشكەكە كەوتە ناو بەرمیلێك لە بەرمیلە هەنگوینەكانی پێشەوا “موحەممەد كوڕی سیرین”، مشكەكەیان دەرهێنا و فڕێیاندا، بەڵام دواتر لە بیریان چوو مشكەكە كەوتۆتە ناو كامە بەرمیلەوە..!، بەڵام بەهۆی ئەوەی پێشەوا “موحەممەد كوڕی سیرین” دیندار و پاك بوو، هەموو بەرمیلە هەنگوینەكانی فڕێدا..!، ئەوەش موسیبەتێكی گەورە بوو..!، چونكە بەهۆیەوە ئیفلاسی كرد و بە دەستبەتاڵی مایەوە..!، ئەوە لەو دەمەدا كە یەكێك بوو لە دەوڵەمەندە زەنگینەكانی دونیا لەو سەردەمدا..!، بەڵام دیندارییەكەی و پاكییەكەی ڕێگەی پێنەدا بە شتێكی گوماناوییەوە بگەڕێتەوە لای خوای گەورە.

دوای ئەو ڕووداوە پێیانوت: ئەوە زیانێكی گەورەیە بۆ تۆ!، ئەو وتی: ئەوە سزای گوناهێكە كە چل ساڵە چاوەڕێی دەكەم!.. پێیانوت: ئەوە چ گوناهێكە..؟!، وتی: پیاوێكم عەیبدار كرد بوو و پێموت بوو: ئەی فەقیر!.

سبحان الله.. پێشەوا “موحەممەد كوڕی سیرین” ماوەی چل ساڵ چاوەڕێی سزای گوناهێكی كردووە..!، ئەی دەبێ حاڵی ئەوانە چۆن بێت، كە بەردەوام و شەو و ڕۆژ لەناو تاوان و گوناهدانە..؟!، ئەی دەبێ حاڵی ئەوانە چۆن بێ، كە شەو و ڕۆژ كاریان عەیبدار كردن و ناشیرینكردنی خەڵكە؟!.

إرسال تعليق