Ads (728x90)

ئایا تام کردنی خواردن لە ڕۆژانی ڕەمەزان ڕۆژوو بەتاڵ دەکاتەوە؟
زۆر کەس پرسیار دەکات، ئایا تام کردنی خواردن لە ڕۆژانی مانگی ڕەمەزان ڕۆژوو بەتاڵ دەکاتەوە یان نا؟، بە تایبەت کە ئەو کارە بۆ خانمان لە ماڵەوە و بۆ چێشتلێنەران لە چێشتخانەکان زۆر گرنگە تا دڵنیابن لەوە خواردنەکانیان تێکنەچووە و بۆ خواردن دەشێن.

بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە، بە پشتبەستن بە ڕا و بۆچوونی زانایانی ئیسلام و شارەزایانی فیقهی سەردەم دەڵێین: "تام کردنی خواردن لەلایەن خانمان لە ماڵەوە و، هەروەها لەلایەن چێشتلێنەران لە چێشتخانەکان لە کاتەکانی ڕۆژ لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا، وە بۆ مەبەستی دڵنیابوون لە دروستی و تەواوی خواردنەکە و، تا بزانن خواردنەکە بە کەڵکی خواردن دێت و تێک نەچووە، ڕۆژوو بەتاڵ ناکاتەوە، بەڵام بەو مەرجەی هیچ شتێک لە خواردنەکە لە ڕێگەی گەروویەوە نەچێتە خوارەوە بۆ ناو گەدە".

ڕیوایەتیش کراوە لە عەبدوڵای کوڕی عەبباس (خوا لێیان ڕازی بێ) کە فەرموویەتی: "کێشە نییە ئەگەر ڕۆژووەوان تامی سرکە یان شتێکی دیکە بکات بۆ مەبەستی دڵنیابوون لە دروستی و تەواوی خواردنەکە و تا بزانرێت خواردنەکە بە کەڵکی خواردن دێت و تێک نەچووە، مادام هیچ شتێک لە خواردنەکە لە ڕێگەی گەروویەوە نەچێتە خوارەوە بۆ ناو گەدە".

پوختەی مەبەست.. مادام کارەکە بەس لە چوارچێوەی تام کردنەوە بێت و، هیچ شتێک لە خواردنەکە لە ڕێگەی گەرووی ڕۆژووەوانەکەوە نەچێتە خوارەوە بۆ ناو گەدە، ڕۆژووەکەی دروستە و ناشکێت.

خوای گەورەش بەرزتر و زاناترە.

إرسال تعليق