Ads (728x90)

سەرکەوتنی تۆ و شکستی ئەو..!
لە یەکەیەکی ڕاهێناندا، ڕاهێنەرەکە هەڵسا بە دابەشکردنی باڵۆن “میزەڵان” بەسەر مەشقکردووەکان، ئینجا داوای فوکردن و بەستنی باڵۆنەکانی کرد، هەمووان هەڵسان بە جێبەجێکردنی داواکەی.

ڕاهێنەرەکە هەمووانی لە گۆڕەپانێکی بازنەیی و دیاریکراودا کۆکردەوە و پێیوتن:

کۆمەڵێك خەڵاتم لەلایە، ئێستاش دەست دەکەم بە حیساب کردنی یەك خولەك، پاش ئەو خولەکە، کامەتان پارێزگاری لە باڵۆنەکەی خۆی کرد، خەڵاتەکە وەردەگرێت.

کاتەکە دەستیپێکرد، مەشقکردووەکان هەموویان پەلاماری یەکتریان دا و هەر یەکێکیان هەوڵی تەقاندنی باڵۆنی ئەوەکەی دیکەی دا..!، تەنها یەك کەس مابوویەوە کە پارێزگاری لە باڵۆنەکەی کردبوو!.

با بزانین مەبەستی ڕاهێنەرەکە لەو تاقیکردنەوەیە چیبوو..؟!

ڕاهێنەرەکە بە سەرسوڕمانییەوە لە ناو مەشقکردووەکاندا وەستا و وتی:

داوام لە هیچ یەکێکتان نەکرد باڵۆنی ئەوەکەی دیکە بتەقێنێ..!، ئەگەر هەر یەکێکتان بەبێ وەرگرتنی بڕیاری سەلبی بەرامبەر ئەوەکەی دیکە بوەستابایە، هەمووان خەڵاتەکەیان دەبردەوە، بەڵام بیرکردنەوەی خراپ بەسەر هەمووتاندا زاڵ بوو..!.

بەڵێ، هەموومان هەوڵدەدەین لەسەر حیسابی ئەوانی دیکە، سەرکەوتن بەدەستبێنین..!، هەموومان دەتوانین سەرکەوتوو بین، بەڵام جێگەی داخە هەندێك بە ئاراستەی ڕووخاندنی ئەوەکەی دیکە دەڕوات تا سەرکەوتن بۆ خۆی مسۆگەر بکات!.

پوختەی مەبەست.. سەرکەوتنی تۆ پێویستی بەوە نییە هەوڵ بۆ شکستپێهێنانی ئەوانی دیکە بدەی.

إرسال تعليق