Ads (728x90)

لە خۆتەوە دەست پێبکە، ئینجا ئەوانی دیکە
دەگێڕنەوە، قاتی و برسیەتی لە گوندێك ڕوویدا، گەورەی خەڵکی گوندەکەش لە هەوڵێکیدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسی وشکەساڵی و بێبارانی و گرانی، داوایەکی سەیری لێکردن و پێیڕاگەیاندن، مەنجەڵێكی گەورە لە ناوەڕاستی گوندەکەیان دادەنێت، پێویستیشە لەسەر هەر ژن و پیاوێك، جامێکی پڕ لە شیر بخاتە ناو مەنجەڵەکەوە، بەڵام بەو مەرجەی، هەر کەسەی بە تەنیا جامە شیرەکە بخاتە ناویەوە، بەبێ ئەوەی کەس بیبینێت!.

خەڵکەکە دەستیانکرد بە بەجێهێنانی داوای گەورەکەیان، هەر یەکێکیان لە شەودا چوون، بەڵام لە بری جامێکی پڕ لە شیر، جامێکی پڕ ئاویان کردە ناو مەنجەڵەکەوە..!، کاتێك گەورەکەیان لە بەیانییەکەدا سەری سەر مەنجەڵەکەی هەڵگرت، چ ببینێ..؟!، بینی مەنجەڵەکە پڕە لە ئاو..!!، ئەی کوا شیرەکە..؟!، ئەی بۆچی ئەو خەڵکە لە بری جامێك شیر، جامێکی پڕ ئاویان کردۆتە ناو مەنجەڵەکەوە..؟!.

لە شەوەکەدا هەر یەکێك لە خەڵکی گوندەکە بە خۆی وت: جامە ئاوەکەی من کاریگەری نابێت لەسەر ئەو بڕە شیرەی خەڵك دەیکەنە ناو مەنجەڵەکەوە..!، هەر یەکێکیشیان پشتی بە ئەوەکەی دی بەستبوو..!، هەمووشیان بەو جۆرە بیریان کردبۆوە..!، هەمووشیان وای گومان بردبوو، ئەو تاکە کەسە لە بری شیر، ئاو بکاتە ناو مەنجەڵەکەوە!.

ئەنجامەکەشی ئەوە بوو، برسیەتی هەموو گوندەکەی گرتەوە و خەڵکێکی زۆر مردن، لەو تەنگانەشدا هیچیان نەبوو فریایان بکەوێت!.

ئەوەی لێرەدا فێری دەبین ئەوەیە، ئەگەر بتەوێ بەختەوەر بژی لە جیهاندا، هەوڵی گۆڕینی هەموو جیهان مەدە، بەڵکو لە خۆتەوە دەست پێبکە، ئینجا هەوڵی گۆڕینی جیهان بدە.

إرسال تعليق