Ads (728x90)

خوا بێزار نابێ، ئێوە بۆ بێزار دەبن..؟!
ژنەکە شووی بە پیاوێك کرد بەناوی “ئیسماعیل”، پیاوەکە زانایەکی پایەبەرز و بە ویقاڕ بوو، کە لەلای پێشەوای “مالیك” دەرسی خوێند بوو، بەرهەمی ئەو هاوسەرێتییە پیرۆزەش، منداڵێك بوو ناویان لێنا “موحەممەد”.

زۆری نەبرد، قەدەر هەردوو هاوسەرەکەی لە یەکتری دابڕاند و پیاوەکە کۆچی دواییکرد..!، “ئیسماعیل” ماڵ و سەروەتێکی زۆری لە پاش خۆی بۆ هاوسەرەکەی و کوڕە تاقانەکەی بەجێهێشت، بەڵام ئافرەتەکە ئیمانێکی لەبننەهاتووی بە خوای گەورە هەبوو، بۆیە دەستیکرد بە پەروەردەکردنێکی جوانی کوڕەکەی لەسەر بنەماکانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام.

بەڵام بەداخەوە..!، چونکە “موحەممەد” لە گچکەییەوە کوێرە و نابینێت..!، ئیدی کە کوێر بێت زۆر ئەستەمە بۆ بەدەستهێنانی زانست مامۆستا بۆ مامۆستا .. مەدرەسە بۆ مەدرەسە .. وڵات بۆ وڵات بگەڕێت.

بەڵام خوای گەورە دەرگای دوعا و پاڕانەوەی بۆ ئەو ئافرەتە موبتەلابووە کردەوە، ئەو بە نیازێکی پاك و ڕاستگۆیانە بە بەردەوامی لە خوای گەورە دەپاڕایەوە، بۆ ئەوەی بینایی بگەڕێنێتەوە بۆ کوڕە هەتیووە بێباوکەکەی.

شەوێکیان ئافرەتەکە لە خەودا بوو، پێغەمبەر ئیبڕاهیم “سڵاوی خوای لەسەربێت” هاتە خەونی و پێیوت: ئەی ئافرەت، بەهۆی زۆری دوعا و پاڕانەوەکانت، خوای گەورە چاوەکانی بۆ کوڕەکەت گەڕاندەوە!.

کاتێك ئافرەتەکە بە خەبەر هاتەوە، خێرا چوو تەماشایەکی کوڕەکەی خۆی کرد، بینی چاوەکانی چاکبوونەتەوە!!.

پاش ئەوەی خوای گەورە چاوەکانی بۆ کوڕەکەی گەڕاندەوە، دایکەکە دەستیکرد بە ناردنی کوڕەکەی بۆ لای زانایان بە مەبەستی بەدەستهێنانی زانستە شەرعییەکان، ئیدی خوای گەورەش دەرگای خێری بۆ کردەوە.. سەرەنجامیش کەڵە زانایەکی بێوێنەی لێدەرچوو، کە پەرتووکێکی دانا، لە پاش قوڕئانی پیرۆز و فەرموودەی خۆشەویست “دخ” ڕاستترین پەرتووکە، ئەویش پەرتووکی “صحیح البخاری” یە!!.

بەڵێ، ئەو کوڕە “موحەممەدی کوڕی ئیسماعیلی بوخارییە”..!، خوای گەورە زانست و سینەفراوانی پێبەخشی.

ئەی ئەوانەی لە دەرگای حەکیم و نۆشداران دەدەن و دەرمانی دەردەکانتان نادۆزنەوە، لە دەرگاکانی ئاسمان بدەن، لە ڕەحمی خوای میهرەبان بێئومێد مەبن، لە دوعا و پاڕانەوەکانتان هیوابڕاو مەبن، با دەستەکانتان هەر ڕوو لە ئاسمان بن، چونکە خودا لە دوعا و پاڕانەوەکانتان بێزار نابێ، کە وابێ ئێوە بۆ بێزار دەبن؟!!.

إرسال تعليق