Ads (728x90)

چاکە بچێنە .. چاکە بەدەستبێنە
کوڕە هەژارەکە کتوپڕ، کە کەلوپەلی لە نێوان ماڵەکاندا دەفرۆشت بۆ ئەوەی پارەی خوێندنەکەی پەیدا بکا، بینی تەنها 10 سەنتی پێیە، کە بەشی ئەوە ناکات برسییەتییەکەی بڕەوێنێتەوە..!، بۆیە بڕیاریدا، لە یەکەم ماڵ کە بە لایدا تێپەڕ ببێ، داوای خواردن بکا.

کاتێك لە دەرگاکەیدا، خۆی بۆ نەگیرا، چونکە کیژۆڵەیەکی جوان دەرگای لێکردەوە..!، وەکو بڵێی هەستی بە شەرم کردبێ لەو هەڵوێستەدا.. بۆیە لە بری ژەمە خواردنێك، داوای ئاوی خواردنەوەی کرد..!، کاتێکیش کیژۆڵەکە هەستیکرد برسییەتی، پەرداخێك شیری بۆ هێنا، ئەویش بە هێواشی خواردیەوە، شیرەکەش چێژێکی زۆر خۆشی هەبوو، چونکە ئاگری برسییەتییەکەی لە ناخییدا کوژاندەوە.

کوڕەکە پێیوت: پارەی پەرداخە شیرەکە چەندە..؟!، کیژۆڵەکە وتی: هیچ ناکات، چونکە دایکمان فێری کردووین، لە بەرامبەر کاری چاکدا، پارە وەرنەگرین..!، کوڕەکە پێیوت: لە ناخی دڵمەوە سوپاست دەکەم..!.

کاتێك “هاوەرد کیللی” کە ناوی کوڕەکەیە، ماڵەکەی جێهێشت و ڕۆیشت، بە تەنها هەستی بەوە نەکرد کە لە تەندروستییەکی باشدایە، بەڵکو هەستی بەوەشکرد کە باوەڕییەکەی بە خودای گەورە و بە بوونی کەسانی چاك زیاتر بووە، ئەوە لە دەمێکدا کە پێشتر برسی و هیوابڕاو بوو..!.

پاش چەندین ساڵ، کیژۆڵەکە تووشی نەخۆشییەکی ترسناك هات، کە پزیشکە خۆجێییەکانی دووچاری شڵەژان کرد..!، بۆیە ڕەوانەی نەخۆشخانەی گشتی شارەکەیان کرد لە لەندەن، کە لەوێ پزیشکە پسپۆڕەکان بانگ دەکرێن بۆ پشکنینی نەخۆشییە دەگمەنەکەی..!، “هاوەرد کیللی” یەکێك بوو لە پزیشکە پسپۆڕەکان کە بانگکرا بوو بۆ ڕاوێژکاری پزیشکی نەخۆشخانەکە..!، کاتێك گوێبیستی ناوی ئەو ناوچەیە بوو کە ئافرەتە نەخۆشەکەی لێوە هاتووە، بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر چاوەکانی بریسکانەوە و دەستبەجێ گەڕایەوە نهۆمی خوارەوە کە ژوورەکەی لەوێدایە..!، جلوبەرگە پزیشکییەکانی پۆشی و بەپەلە ڕۆیشت بۆ بینینی نەخۆشەکە..!، کاتێك نەخۆشەکەی بینی، یەکسەر کیژۆڵەکەی جارانی ناسییەوە..!، دەرگاکەی داخست و گەڕایەوە ژووری پزیشکان و بڕیاریدا هەر چییەکی لە توانادا هەبێت بیکات بۆ ڕزگارکردنی ژیانی نەخۆشەکە..!، لەو ڕۆژەوەشەوە ئەوپەڕی بایەخپێدانی تایبەتی خۆی بە باری تەندروستی ئافرەتە نەخۆشەکە پیشاندا..!.

پاش ململانێیەکی دوورودرێژ، ئەرکەکە بە تەواوترین شێوە کۆتاییهات و نەخۆشەکە لە نەخۆشییە ترسناکە ڕزگارکرا..!، دکتۆر “هاوەرد کیللی” یش داوای لیستی حیسابی نەخۆشەکەی کرد بۆ نووسینگەکەی و لە پەراوێزەکەیدا شتێکی نووسی و ناردی بۆ ژووری نەخۆشەکە!.

نەخۆشەکە دەترسا لیستی حیسابەکەی بکاتەوە کە دکتۆر “هاوەرد کیللی” بۆی ناردبوو، چونکە دەیزانی بە درێژایی ئەو ژیانەی ماویەتی، دەبێ پارەی لیستی حیسابەکەی بدات..!، بەڵام دواتر کردیەوە و تەماشایەکی کرد و شتێك کە لە پەراوێزیدا نووسرا بوو سەرنجی ڕاکێشا..!، کە دەقی نووسینی پەراوێزەکە ئەوە بوو:

“پارەی لیستی حیسابی ئەو نەخۆشە بە تەواوەتی دراوە بەهۆی جامێك لە شیر”.. ئیمزا دکتۆر “هاوەرد کیللی”.

ژنەکە چاوەکانی نوقمی فرمێسکی خۆشی بوون..!، بە دڵخۆشییەوە ئەو وشانەی دەربڕی:

“سوپاس بۆ تۆ خودایە، لە بەرامبەر خۆشەویستی و میهرەبانیت، کە لەڕێی دڵ و دەستی مرۆڤەکانەوە پێمدەگا”.

تێبینی/ ئەو ڕووداوە ڕاستەقینەیە و چیرۆکێکی دروستکراو نییە.

إرسال تعليق