Ads (728x90)

ڕیال مەدرید سەرکەوت بۆ یاری کۆتایی چامپیۆنسلیگ
لە یاری گەڕانەوەی چوارگۆشەی زێڕینی چامپیۆنسلیگ، هەردوو یانەی ڕیال مەدریدی ئیسپانی و بایرن میونخی ئەڵمانی لەسەر یاریگای «ئەلیانز ئەرینا» ی تایبەت بە یانە باڤارییەکە بەیەکگەیشتن.

باڤارییەکان بە هیوای بردنەوە بوون و هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەیان کردبوو لە دۆڕانی یاری چوون کە بە ئەنجامی (1-0) لەسەر یاریگای «سانتیاگۆ بێرنابیۆ» شکستیان هێنا بوو، تەنانەت بەڵێنیان دابوو کە «ئەلیانز ئەرینا» بکەنە دۆزەخی مەدریدییەکان و بە (5-0) لێیان ببەنەوە، بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنی یارییەکە، یانەی شاهانە دەستپێشخەری ئازایانەی کرد و کۆنتڕۆڵی تەواوی یارییەکەیان کرد، سەرکەوتووش بوون لە تۆمارکردنی سێ گۆڵ «سێرجیۆ ڕامۆس 2 گۆڵ لە خولەکی 16 و 20، کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ لە خولەکی 33».

ئەنجامی گێمی یەکەم 70 هەزار هاندەری باڤاری و چاودێرانی وەرزشی تووشی شۆكکرد، چونکە یانە ئەڵمانییەکە لە بەرامبەر کەتیبەکەی «کارلۆ ئەنشیلۆتی» هەرەسیهێنا و لە هەموو گۆشەیەکی یاریگا ون ببوون، ئەوەش گورزێکی گورچکبڕ بوو بۆ هەڵگری نازناوی چامپیۆنسلیگ لە وەرزی ڕابردوو و «پیپ گواردیۆلا» ی ڕاهێنەر کە ئەرکی بەڕێوەبردنی تیپێکی پاڵەوان و تەواو و بەهێزی لە سەرەتای ئەو وەرزەدا گرتە ئەستۆ.

لە دەستپێکی گێمی دووەمدا، کوڕانی «پیپ گواردیۆلا» چاوەڕوانی موعجیزە بوون بۆ مسۆگەرکردنی بلیتی گەیشتن بە یاری کۆتایی، بەڵام ئاماژەکانی چوونە دەرەوەیان لە پاڵەوانێتییەکە زۆر ڕوون بوو، چونکە یانەی شاهانە بە پشتبەستن بە پلانی بەرگری و هێڕشی هەڵگەڕاوە و پارێزگاریکردن لە ئەنجامی گێمی یەکەم یاریان دەکرد، یانەکەی هەرێمی باڤاریاش پەلەیان بوو بۆ گۆڵکردن، ئەوەش وایکرد بوو باڵانسی یارییەکە لە بەرژەوەندی مەدریدییەکان بێت، ئەوە بوو لە لێدانێکی ڕاستەوخۆدا و لە خولەکی 89 دا«کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ» گۆڵی چوارەمی تۆمارکرد.

سەرەنجام یارییەکە بە بردنەوەی یانەی شاهانە بە ئەنجامی (4-0) کۆتاییهات و یەکەم بلیتی یاری کۆتایی چامپیۆنسلیگی بڕی، کە بڕیار وایە لە (24/5/2014) لەسەر یاریگای «سپۆرتینگ لشبۆنە» لە شاری «دالۆش» لە پورتوگال بەڕێوەبچێت.

ئەو شکستەی باڤارییەکان دوای شکستی یانەی شاڵکە و یانە دۆرتمۆندی ئەڵمانی بوو لەسەر دەستی کەتیبەکەی «کارلۆ ئەنشیلۆتی» لەو پاڵەوانێتییەدا لەو وەرزەدا، ئەوەش دەستباڵایی ڕیال مەدرید دەردەخات بەسەر یانە ئەڵمانییەکان، بەڵێ ئەڵمانەکان نێچیری یەك دوای یەکی یانەی ریال مەدرید بوون.

إرسال تعليق