Ads (728x90)

سەڵەوات لێدان لەسەر پێغەمبەر "دخ"، 10 سوودی زۆر گرنگی هەیە
سەڵەوات لێدان لەسەر پێغەمبەر "دخ"، لە گەورەترین هۆکارەکانی نزیکبوونەوەیە لە خوای گەورە.

چونکە بەجێهێنانی فەرمایشتی خوای گەورەیە، دەربڕینی پەیوەستبوونیشە بە پێغەمبەری خۆشەویست "دخ".

هەروەها سەڵەوات لێدان چەندین سوود و قازانجی گەورەی تێدایە، چەند کاتێکیش هەن کە وا باشترە تێیاندا بە سەڵەوات لێدان بیانڕازێنینەوە، شەوانی هەینی بە نموونە، بەڵام ئێمە لەو بابەتەماندا ئاماژە بە 10 سوود لە سوودە گرنگەکانی سەڵەوات لێدان لەسەر پێغەمبەر "دخ" دەکەین.

١ـ وەڵامدانەوە و گوێڕایەڵبوونی فەرمانی خوای گەورەیە، چونکە لە قوڕئانی پیرۆزدا فەرمانی پێکردووین سەڵەوات لەسەر پێغەمبەر "دخ" لێبدەین.

٢ـ دە چاکەت بۆ لە تۆماری کردەوەکانت دەنووسرێت، ئەوەش دەستکەوتێکی زۆر گرنگە.

٣ـ دە خراپەت لە تۆماری کردەوەکانت ڕەش دەکاتەوە، ئەوەش دەستکەوتێکی زۆر نایابە.

٤ـ  دە پلەت لەلای خوای گەورە بۆ بەرز دەکاتەوە، ئەوەش لە هەموو کردەوەیەکدا بەدەستنایەت.

٥ـ  پێغەمبەر "دخ" لەو کردەوەیەت ئاگادار دەکرێتەوە و پێیدەڵێن، فڵانە کەس سەڵەواتی لەسەر تۆ لێدا.

٦ـ لە بەرامبەر هەر سەڵەوات لێدانێکی تۆ، خوای گەورەش دە سەڵەوات لەسەر تۆ لێدەدات.

٧ـ سەڵەوات لێدان دەبێتە هۆی ئەوەی دوعاکانت قەبول ببن، بۆیە وا باشە لە پێش دوعاکردن سەڵەوات لەسەر پێغەمبەر "دخ" لێبدرێت.

٨ـ سەڵەوات لێدان لەسەر پێغەمبەر "دخ" دەبێتە هۆی ئەوەی لە ڕۆژی دوایی شەفاعەتی پێغەمبەرت "دخ" بە نسیب ببێت.

٩ـ سەڵەوات لێدان لەسەر پێغەمبەر "دخ" دەبێتە هۆی پاکژی و خاوێنی کۆڕ و مەجلیس، بۆیە کۆڕ و مەجلیسەکانتان بە سەڵەوات لێدان لەسەر پێغەمبەر "دخ" بڕازێننەوە.

١٠ـ سەڵەوات لێدان لەسەر پێغەمبەر "دخ" دەبێتە هۆی ڕازیکردنی پێغەمبەر "دخ"، بەدەستهێنانی ڕەزامەندی پێغەمبەریش "دخ" سەربەرزییە بۆ دونیا و قیامەت.

لە کۆتاییدا ماوەتەوە بڵێین، ئەو 10 خاڵەی ئاماژەمان بۆ کردن، بە دەقی ئایەت و فەرموودە سەلمێنراون، بەڵام بۆ ئەوەی زیاتر بابەتەکەمان درێژ نەبێت هەڵوەستەمان لەسەریان نەکرد.

إرسال تعليق