Ads (728x90)

بۆچی نابێ ئافرەتی حەیزدار نوێژ بکات، لە کاتێکدا دەبێ ئافرەتی سکپڕ نوێژ بکات؟!
ژنانیش وەکو پیاوان لەسەریان واجبە لە هەموو هەلومەرج و بارودۆخێکدا نوێژەکانیان ئەنجام بدەن، تەنها لە حاڵەتی بینینی خوێنی بێنوێژی و خوێنی دوای منداڵبوون ڕێگەیان پێدراوە نوێژ نەکەن، ئەوەش لە میهرەبانی خوای گەورەوەیە، تەنانەت فەرمانی پێنەکراوە نوێژە فەوتاوەکانی ئەو دوو حاڵەتە قەزا بکاتەوە.

بەڵام لە حاڵەتی سکپڕیدا ڕێگەیان پێنەدراوە نوێژ نەکەن،کە ئەو حاڵەتە زۆرجار گرانتر و زەحمەتتر دەبێت لەسەر ئافرەتان بە بەراورد بە حاڵەتی بێنوێژی، بۆیە لێرەدا پرسیارێکمان بۆ دروست دەبێت، ئایا بۆچی شەریعەتی ئیسلام ڕێگەی بە ژنانی سکپڕ نەداوە نوێژ نەکەن؟!.

توێژینەوە پزیشکییە تازەکان دەیسەلمێنن کە جووڵەکانی جەستە و وەرزشکردن وەکو نوێژکردن، زۆر سوودبەخشن بۆ ژنانی سکپڕ، لە هەمانکاتدا زۆر زیانبەخشن بۆ ژنان لە حاڵەتی بێنوێژی!، چونکە ئافرەتی نوێژخوێن کاتێک دەچەمێتەوە (دەچێتە ڕکوع) و سوجدە دەبات، ڕۆیشتنی خوێن بۆ ناو منداڵدان زیاتر دەبێت، بێجگە لەوەش خانەی منداڵدان و هێلکەدان هاوشێوەی خانەی جگەرن کە بڕێکی زۆر لە خوێن بۆ لای خۆی دەبات.

گومان لەوەدا نییە کە منداڵدانی ئافرەت پێویستی بە خوێنی زۆر هەیە بۆ مەبەستی خۆراکپێدانی کۆرپەلە و بۆ پاککردنەوەی پیسییەکان لە خوێنی، بۆیە کاتێک ئافرەتی سکپڕ نوێژەکەی ئەنجام دەدات، ئەوەیان یارمەتیدەر دەبێت بۆ گەیاندنی بڕە خوێنێکی زۆر بۆ کۆرپەلە.

بەڵام ئەگەر ئافرەتی بێنوێژ نوێژەکانی ئەنجام بدات، ئەوەیان دەبێتە هۆی ڕۆیشتنی بڕە خوێنێکی زۆر بۆ ناو منداڵدان، ئەوەش دەبێتە هۆکاری کەمبوونەوەی خوێن و دابەزینی بۆ ناو خوێنی بێنوێژی، قەبارەی ئەو خوێن و شلەمەنیانەی ئافرەتی بێنوێژ لە ڕۆژانی بێنوێژیدا لەدەستی دەدات بە ٣٤ میللی لیتر مەزەندە دەکرێت، بۆیە ئەگەر ئافرەتی بێنوێژ نوێژەکانی ئەنجام بدات، کۆئەندامی بەرگری لەشی تێک دەچێت، چونکە خڕۆکە سپییەکانی خوێن کە بە ڕۆڵێکی گرنگ هەڵدەستن لە کۆئەندامی بەرگری لەشدا، لە ڕێگەی خوێنی پیسی بە فیڕۆچووی جەستە لەناودەچن.

بە شێوەیەکی گشتیش حاڵەتی خوێنبەربوون ئەگەرەکانی تووشبوون بە نەخۆشییەکان زیاد دەکات، بەڵام ئافرەتانی بێنوێژ ئەو حاڵەتی خوێنبەربوونە زیانیان پێناگەیەنێت، چونکە خوای گەورە بەهۆی چڕکردنەوەی خڕۆکە سپییەکانی خوێن لەناو منداڵداندا لە ماوەی ڕۆژانی بێنوێژیدا و کە کار دەکەن بۆ پاراستن لە نەخۆشییەکان، خوای گەورە دەیانپارێزێت لە تووشبوون بە نەخۆشییەکان.

ئەگەر ئافرەت لە ماوەی بێنوێژیدا نوێژەکانی ئەنجام بدات، ئەندازەیەکی گەورە لە خوێنی لەشی لەدەستدەدات، لەگەڵیشیدا بڕێکی زۆر لە خڕۆکە سپییەکانی جەستەی لەدەستدەدات، ئەوەش دەبێتە هۆکاری ئەوەی سەرجەم ئەندامەکانی لاشەی وەکو جگەر و فاتەڕەش و لیکەڕژێنی لیمفاوی و مێشک تووشی نەخۆشی ببن، لێرەشدا حیکمەتی قەدەغەکردنی نوێژکردن لەسەر ژنان تا پاک دەبنەوە بەدیار دەکەوێت کە لە قوڕئانی پیرۆزدا باسکراوە:

"وَيَسْأَلُونَكَ عَنِ الْمَحِيضِ قُلْ هُوَ أَذًى فَاعْتَزِلُواْ النِّسَاء فِي الْمَحِيضِ وَلاَ تَقْرَبُوهُنَّ حَتَّىَ يَطْهُرْنَ فَإِذَا تَطَهَّرْنَ فَأْتُوهُنَّ مِنْ حَيْثُ أَمَرَكُمُ اللّهُ إِنَّ اللّهَ يُحِبُّ التَّوَّابِينَ وَيُحِبُّ الْمُتَطَهِّرِينَ"

واتای ئەو ئایەتە: ئه‌ی پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم)، پرسیارت لێده‌که‌ن ده‌رباره‌ی بێنوێژی (عاده‌تی مانگانه‌ی ئافره‌ت)، تۆ پێیان بڵێ: ئه‌وه ئازار و زه‌ره‌ره‌، که‌ وابوو خۆتان به دوور بگرن له هاوسه‌ره‌کانتان که له‌و حاڵه‌ته‌دا بن و نزیکیان مه‌که‌ون تا پاک ده‌بنه‌وه‌، جاکاتێک پاک و خاوێن بوونه‌‌وه‌ و خۆیان شووشت بچنه لایان، به‌و شێوه‌یه‌ی که خوا فه‌رمانی داوه‌، به‌ڕاستی خوای گەورە ته‌وبه‌کاران و پاکانی خۆشده‌وێت (ئه‌وانه‌ی ڕواڵه‌ت و ناوه‌ڕۆکیان پاکه‌).

بێجگە لەوەش. جووڵاندنی جەستە، بە تایبەت لە ڕکوع و سوجدەدا، ڕژانی خوێن بۆ ناو منداڵدان زیاد دەبێت و بە فیڕۆچوونی بەبێ ئەوەی سوود و کەڵکی هەبێت ئاسان دەکات، بێجگە لەوەش کە خوێیە کانزاییەکانی جەستە کەمدەکاتەوە، بۆیەشە پزیشکەکان ئامۆژگاری ئافرەتان دەکەن لە ماوەی سوڕی مانگانە (بێنوێژی)ـدا بحەسێنەوە و ژەمە خواردنی باش بخۆن بۆ ئەوەی خوێن و خوێیە بەنرخەکانی ناو جەستەیان، هەروەکو لێرەدا حیکمەتی قەدەغەکردنی بەڕۆژووبوون لەسەر ئافرەتانی بێنوێژ دەردەکەوێت.

إرسال تعليق