Ads (728x90)

پێغەمبەر موسا و سکاڵای دەوڵەمەند و هەژارەکە
دوو پیاو لەناو بەنو ئیسڕائیلییەکان هاتن بۆ لای پێغەمبەر موسا "سڵاوی خوای لێبێت"، یەکێکیان زۆر دەوڵەمەند بوو، سکاڵای زۆری سەروەت و سامانەکەی کرد و، داوای لە موسا پێغەمبەر کرد "سڵاوی خوای لێبێت"، کە قسە لەگەڵ خوای گەورە بکات سەروەت و سامانەکەی لە گەشەکردن بوەستێت و زیاتر نەبێت، چونکە لەوە دەترسێت تووشی فیتنە و بەڵای سەروەت و سامانی زۆر ببێت.

ئەوەکەی دیکەیان پیاوێکی هەژار و بێحاڵ بوو، داوای لە موسا پێغەمبەر کرد "سڵاوی خوای لێبێت"، کە قسە لەگەڵ خوای گەورە بکات هەندێک پارە و ماڵ و سامانی پێببەخشێت، بۆیە پێغەمبەر موسا "سڵاوی خوای لێبێت" چووە حزوری خوای تەعالا بۆ ئەوەی داواکاریی ئەو دوو پیاوە بگەیەنێتە بەردەمی پەروەردگاری گەورە.

کاتێک پێغەمبەر موسا "سڵاوی خوای لێبێت" قسەی لەگەڵ خوای گەورە کرد، خوای کردگار وەڵامی دایەوە و پێیفەرموو: ئەی موسا، ئەو پیاوەی یەکەم زۆر سوپاسگوزار و سەناخوانە، هەر چەند ئەو سوپاسگوزاریم بکات، منیش زیاتری پێدەبەخشم، بۆیە پێی بڵێ: با حەمد و سەنا و سوپاسگوزاری من بوەستێت، سەخاوەت و دەستکراوەیی و بەخشینی منیش بۆ ئەو دەوەستێت.. ئەو پیاوەی دووەمیش بە درێژایی ژیانی سوپاسی منی نەکردووە، بۆیە پێی بڵێ: با سوپاس و حەمد و شوکرانەی من بکات، منیش بەبێ ئەوەی هەستی پێبکات ڕزق و ڕۆزی خۆمی پێدەبەخشم.

ئینجا کاتێک پێغەمبەر موسا "سڵاوی خوای لێبێت" وەڵامی خوای گەورەی بۆ هێنانەوە، ئەوەی یەکەمیان کاتێک گوێبیستی قسەکانی پێغەمبەر موسا "سڵاوی خوای لێبێت"، وەڵامی دایەوە و وتی: چۆن سوپاس و حەمدی خوای گەورە نەکەم، کە ڕزق و ڕۆزیمان دەدات و بە ناز و نیعمەت و بەخششەکانی بەسەرمان دەکاتەوە؟!، بۆیە سوور بوو لەسەر ئەوەی کە سوپاسی خوای گەورە بکات، وە داواشی کرد لە پێغەمبەر موسا "سڵاوی خوای لێبێت"، کە بۆی لە خوا بپاڕێتەوە، کە دامەزراوەیی و چەسپاویی پێببەخشێت.

پیاوەکەی دووەمیش کاتێک گوێبیستی قسەکانی پێغەمبەر موسا "سڵاوی خوای لێبێت"، وەڵامی دایەوە و وتی: چۆن سوپاس و حەمدی خوای گەورە بکەم؟!، نابێ سوپاسی بکەم تا بە سەروەت و سامان بەسەرم نەکاتەوە!!.

بۆیە پیاوە دەوڵەمەندەکە وەکو خۆی لە نیعمەتی دەوڵەمەندیدا مایەوە، پیاوە هەژارەکەش لەناو نەهامەتییەکانی هەژاریدا مایەوە، هەموو ئەوەش بە هۆکاری سوپاسگوزاریکردنەوە بوو.

بۆیە هەموو کات، لە خۆشی و ناخۆشییەکاندا سوپاسی خوای گەورە بکەن، تا بە چاکە و بەخششەکانی خۆی بەسەرتان بکاتەوە و بێبەشتان نەکات لە ناز و نیعمەتەکانی.

إرسال تعليق