Ads (728x90)

سەرکەوتنی تاقیکردنەوەی گۆڕینی یادەوەرییە ناخۆشەکان بە یادەوەرییە خۆشەکان
یەکێک لە تازەترین بەرهەمی توێژینەوە و تاقیکردنەوە زانستییەکان، کە نزیکە ببێتە نموونەیەکی کەموێنە لە تاقیکردنەوە سەرسوڕهێنەرەکان، سەرکەوتنی تاقیکردنەوەیەکە، کە بەهۆیەوە دەتواندرێت یادەوەرییە ناخۆشەکانی ناو مێشک کۆنتڕۆڵ بکرێن و بگۆڕدرێن بە یادەوەرییە خۆشەکان.

لە یەکێک لەو تاقیکردنەوانەدا، کە زانایانی خانە دەمارەکان لە سەنتەری نیشتیمانی فەڕەنسی بۆ توێژینەوەی زانستی "CNRS" پێی هەڵساون، کاتێک تاقیکردنەوەی گۆڕینی یادەوەرییە ناخۆشەکانیان بە یادەوەرییە خۆشەکان لە مێشکی کۆمەڵێک مشکی خەوتوودا ئەنجامدا.

زانا توێژەرەکان هەڵسان بە دانانی جەمسەرە کارەباییەکان لە مێشکی مشکەکان و، بەشی تایبەت بە یادەوەرییە ناخۆشەکانیان چالاککرد و، کرداری گۆڕینیان بە یادەوەرییە خۆشەکان جێبەجێکرد، کاتێکیش مشکەکان لە خەو هەڵسان مێشک و عەقڵیان لەبری ئەوەی ڕوو لەو ناوچانە بکات کە یادەوەرییە ناخۆشەکان هەڵدەگرن، بە ئاراستەی ئەو ناوچانە چوو کە یادەوەرییە خۆشەکان هەڵدەگرن.

یەکێک لەو زانایانەی هەڵساون بە ئەنجامدانی توێژینەوەکە باسی ئەوەیکردووە، کە دەتواندرێت بە ئاسانی ئەو تاقیکردنەوەیە لەسەر مێشکی مرۆڤدا جێبەجێ بکرێت، کە ئەو کردارە پشتدەبەستێت بە گۆڕینی ئاراستەکانی عەقڵ و، هەروەها گۆڕینی بەهای سۆزداری لە مێشک لە کاتی نووستندا، چونکە عەقڵ لە کاتی نووستندا لە حاڵەتی جێگیربووندا دەبێت و دەتواندرێت بە ئاسانی کۆنتڕۆڵ بکرێت.

زانایان دووپات لەوە دەکەنەوە، کە سەرکەوتنی ئەو تاقیکردنەوەیە لەسەر عەقڵ و مێشکی مشکەکان، لە کاتێکی نزیکدا لەسەر عەقڵ و مێشکی مرۆڤیش تاقیدەکەنەوە، کە لە میانیدا هەست و یادەوەرییە ناخۆش و ئازاربەخش و خەمناکەکان دەگۆڕدرێن بۆ هەست و یادەوەرییە خۆشەکان بۆ ئەو کەسانەی ئارەزووی ئەوە بکەن.

إرسال تعليق