Ads (728x90)

ئیشبیلیە گڕی بەردایەوە ڕکابەری ڕیال و بارسا
کەومێک لەمەوبەر، یاری لووتکەی هەفتەی ٣١ـی خولی پلە یەکی ئیسپانی "لالیگا" بە یەکسانبوونی ئیجابی تەواو بوو، پاش ئەوەی یانەی ئیشبیلیە لەسەر یاریگای "ڕامۆن سانشێز پیزخوان" خاڵەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە دابەشکرد و بە (٢-٢) گۆڵ یەکسانبوون.

لە گێمی یەکەمدا یانەی بلۆگرانا بە دوو گۆڵی هەردوو ئەستێرەکەی "لیۆنێل میسی" لە خولەکی ١٤ و "نێیمار" لە خولەکی ٣١ پێشکەوت، لە خولەکی ٣٨ـیشدا یانە ئەندەلووسییەکە ئەنجامەکەی بە گۆڵێکی "ئیڤێر بانیگا"ـی ئەرجەنتینی کەمکردەوە.

لە گێمی دووەمدا یاریزانانی یانەی ئیشبیلیە فشارێکی گەورەیان خستە سەر یانەی بارسا و لە زۆربەی کاتدا باشتر و بەهێزتر دەرکەوتن، تا لە خولەکی ٨٤ـدا یاریزان "گامیرۆ" توانی گۆڵی یەکسانکردنەوە بۆ یانەکەی تۆمار بکات و یانەکەی لە دۆڕان ڕزگار بکات و یانەی بەرشەلۆنەش لە دوو خاڵی زێڕین بێبەش بکات.

بەو ئەنجامەش، یانەی ئیشبیلیە گڕی بەردایەوە ململانێی ڕیال مەدرید و بەرشەلۆنە، چونکە جیاوازی نێوانیان بوو بە دوو خاڵ، بەرشەلۆنە ٧٥ خاڵ و ڕیال مەدرید ٧٣ خاڵ، یانەی ئیشبیلیەش کۆی خاڵەکانی بۆ ٦٢ خاڵ بەرز کردەوە لە پلەی پێنجەمی ڕیزبەندی خولی پلە یەکی ئیسپانی "لالیگا".

إرسال تعليق