Ads (728x90)

لە کتێبی "الترغیب و الترهیب"، کە دانراوی "ئیمام ئەلمونزیری"ـیە، بەشێک تەرخانکراوە لە ژێر ناونیشانی "هاندان بۆ دڵخۆشکردنی ئیمانداران".

لەو کتێبەدا ئاماژە بەوە کراوە، کە جوانترین شت لە ئایینی ئیسلامدا ئەوەیە، کردەوە چاکەکان کە سوود بە خەڵک بگەیەنن، تا ئاستی عیبادات بەرز دەبنەوە، فەرموودەکانیش لەسەر ئەو بابەتە زۆرن.

لە "جەعفەری کوڕی یەزید"ـەوە هاتووە، کە لە "جەعفەری کوڕی موحەممەد" دەگێڕێتەوە، کە ئەویش لە باوکی، باوکیشی لە باپیری دەگێڕنەوە، پێغەمبەر "دخ" فەرموویەتی: هەر پیاوێک خۆشی بخاتە دڵی ئیماندارێکەوە، خوای گەورە لەو خۆشییە فریشتەیەک دروست دەکات کە عیبادەتی خوا دەکات، کاتێک پیاوەکە دەمرێت و دەخرێتە ناو گۆڕەوە، ئەو خۆشییە دێتە لای و پێی دەڵێت: ئەوە نامناسییەوە..؟!، پیاوەکەش پێیدەڵێت: تۆ کێیت..؟!، خۆشییەکە دەڵێت: من ئەو خۆشییەم کە تۆ لە دونیادا منت خستە ناو دڵی فلانە کەس، بۆیە ئەمڕۆ منیش دەبمە هاوڕێی تەنیاییت و، فێری بەڵگەکانت دەکەم و، دامەزراوت دەکەم لەسەر بیروباوەڕی ئیسلام و، لە هەڵوێست و وێستەگاکانی قیامەت لەگەڵت دەبم و، لای خوای گەورە تکا "شەفاعەت"ـت بۆ دەکەم، شوێنەکەت لە بەهەشتدا پیشان دەدەم.

"ئەبو عەبدوڵا" سەلامی خوای لەسەر بێت لە فەرموودەیەکی درێژدا دەفەرمووێت: ئەگەر خوای گەورە ئیمانداری لە گۆڕەکەیدا زیندوو کردەوە، فریشتەیەک لەگەڵی دێتە دەرەوە و پێشی دەکەوێت، ئینجا ئیماندارەکە هەر ناخۆشییەک لە ناخۆشییەکانی ڕۆژ قیامەتی بینی، ئەو فریشتەیە پێیدەڵێت: مەترسە و خەمبار مەبە، مزگێنیت لێبێ کە خۆشییەکت لەلایەن خوای گەورەوە بۆ هاتووە، تا ئیماندارەکە دەگاتە بەردەم خوای گەورە، خوای گەورەش لێپرسینەوەیەکی ئاسانی لەگەڵ دەکات و فەرمان دەدات بچێت بۆ بەهەشت، فریشتەکەش لە پێش ئەو وەستاوە، ئیماندارەکە پێیدەڵێت: خوا ڕەحمت پێبکات، بەڕاستی تۆ کەسێکی باش بووی لەگەڵم لەناو گۆڕ هاتییە دەرەوە و بەردەوام موژدە و مزگێنیت پێدەدام، پێم بڵێ تۆ کێی؟!، ئەویش دەڵێت: من ئەو خۆشییەم کە لە دونیادا من دەخستە دڵی برا ئیماندارەکەت، خوای گەورە لەو خۆشییە منی دروستکرد تا لێرە موژدە و مزگێنی خۆشیت پێبدەم.

"عەبدوڵای کوڕی عومەر" خوا لێیان ڕازی بێت دەگێڕێتەوە، پیاوێک هات بۆ لای پێغەمبەر "دخ" و پرسیاری لێکرد: ئەی پێغەمبەری خودا، چ کەسێک خۆشەویسترینی خەڵکە لەلای خودا..؟!، پێغەمبەر "دخ" وەڵامی دایەوە: چاکترینی خەڵک کەسێکە، کە بە کەڵکترین و بەسوودترینیان بێت بۆ خەڵکێک.

إرسال تعليق