Ads (728x90)

ڕێنووماییەکانی قوڕئان دەبنە بابەتی بنەڕەتی لە پرۆگرامی نوێی خوێندن لە یابان
حکومەتی یابانی بەڵگەنامەیەکی ئاراستەکردنی دەرکرد، کە فێربوونی نەریتە پەسندکراوەکان، کە لە سەردەمی حوکمڕانی "ئیدۆ" پێش نزیکەی سێ سەدە هەبوون، دەکاتە مادەیەکی بنەڕەتی لە خوێندنگاکان بە هاتنی ساڵی ٢٠١٨.

هۆکاری بڕیارەکەشیان گەڕاندووەتەوە بۆ بوونی پەیوەندی لە نێوان دابەزینی ئاستی ڕەوشتی خوێندکاران لە خوێندنگا سەرەتاییەکان و لە نێوان زیادبوونی ڕێژەی تاوان لەناو نەوجەوانان.

مادە تازەکەی خوێندن، تەرکیز دەخاتە سەر فێرکردنی منداڵان و ئاشناکردنیان بە وردترین وردەکارییەکان، وەکو شێوازی ڕۆیشتن، ئاستی دەنگ، پلەی چەمینەوە لە کاتی سڵاوکردن بە گوێرەی پایەی کۆمەڵایەتی کەسەکەی دیکە، تا دەگاتە ئەو وشانەی کە پێویستە هەڵبژێردرێن لە کاتی قسەکردن لەگەڵ ئەوانی دیکە، هەر کەسێک بە گوێرەی تەمەنی خۆی.

وەزارەتی پەروەردە و فێرکردنی حکومەتی یابانیش دەڵێت، ئامانج لە زیندووکردنەوەی ئەو ڕێنووماییانە، هاندانی قوتابیانە لەسەر بیرکردنەوە و ڕێگەگرتن لە دروستکردنی پشێویی و هەراسانی و ئازاردان لەناو خوێندنگاکان، ئەوەش لە پێناو دروستکردنی بەربەست لە نێوان نەوجەوانان و لە نێوان ئەنجامدانی تاوان.

شایەنی باسە، ئەو بابەتانەی لەناو مادە تازەکەدا هاتووە، هەمان ئەو ئامۆژگارییانەن کە خوای گەورە لەسەر زاری حەکیمی لوقمان "خوا لێی ڕازی بێت" دەیگێڕێتەوە کاتێک ئامۆژگاری کوڕەکەی دەکات:

"وَاقْصِدْ فِي مَشْيِكَ وَاغْضُضْ مِنْ صَوْتِكَ ۚ إِنَّ أَنْكَرَ الْأَصْوَاتِ لَصَوْتُ الْحَمِيرِ"

واتای ئەو ئایەتە: "هه‌وڵ بده له ڕۆیشتنتدا مامناوه‌ندیانه بڕۆ، به‌ره‌و ئامانجێکی چاک هه‌نگاو بنێ، به‌ ده‌نگی هێواش و له‌بار و نەرم گفتوگۆ بکه و بدوێ، چونکه به‌ڕاستی بێزارترین و ناخۆشترینی ده‌نگه‌کان ده‌نگی گوێ درێژه‌کانه‌".

ئەو وانانەی خوێندکاران تایبەت بە ڕەوشت و ئەخلاقی "ئیدۆ" دەیانخوێنن تاکو ئێستا ئارەزوومەندانەیە، بەڵام لە پڕۆگرامی نوێی خوێندن، کە حکومەتی یابانی کار لەسەر هەموارکردنەوەیان دەکات، هەموو قوتابیان پێوەی پابەند دەکرێن.

جێگەی وتنە، کە یابانییەکان هەر لە سەردەمی "ئیدۆ" لە سەدەکانی ناوەڕاست، بایەخێکی زۆریان دەدا بە مامەڵەکردن لەگەڵ خەڵک، تا وایلێهات بووە بەشێکی بنەڕەتی لە شارستانییەتی یابانی، ڕەنگدانەوەی گەورەشی هەبووە لەسەر ڕەوشتی تاک و کەسایەتی و ڕۆڵی لەناو کۆمەڵگەدا.

إرسال تعليق