Ads (728x90)

ڕیال مەدرید و یۆڤانتۆس گەیشتنە چوارگۆشەی زێڕینی "چامپیۆنزلیگ"
لە دووەم ڕۆژی یارییەکانی گەڕانەوەی قۆناغی چارەگی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکان "چامپیۆنزلیگ"، کەمێک لەمەوبەر ناسنامەی دوو یانەکەی قۆناغی چوارگۆشەی زێڕین دەرکەوت، کە ئەوانیش هەردوو یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی و یۆڤانتۆسی ئیتاڵی بوون.

لە یاری یەکەمدا، یانەی یانەی ریال مەدرید لە یاری دێربیدا میوانداری یانەی ئەتلەتیکۆ مەدریدی ئیسپانی هاوشاری کرد، کە لە یاری چووندا بە ئەنجامی یەکسانبوونی سەلبی (٠-٠) تەواو بوو، بۆیە شاهانەکان وێڕای یارینەکردنی ژمارەیەک ئەستێرەی دیاری تیپەکەی، بەڵام بە درێژایی کاتەکانی هەردوو گێمی یارییەکە کۆنترۆڵی یارییەکەی کرد و توانی بە ئەنجامی (١-٠) گۆڵ یارییەکە لە بەرژەوەندی خۆیان یەکلایی بکەنەوە و بلیتی سێیەم یانەی قۆناغی چوارگۆشەی زێڕین "چامپیۆنزلیگ"ـیان ببڕن و یانە ڕکابەرە سەرسەختەکەیان بکەنە دەرەوەی ململانێکانی گەورەترین پاڵەوانێتی.

لە یاری دووەمیشدا، یانەی مۆناکۆی فەڕەنسی میوانداری یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵی کرد، کە لە یاری چووندا بە ئەنجامی (١-٠) گۆڵ دۆڕا بوو، بۆیە کوڕانی خانمە پیرەکە ئەوجارەش دەستباڵایی خۆیان دووپات کردەوە و بە ئەنجامی یەکسانبوونی سەلبی (٠-٠) یارییەکەیان لە بەرژەوەندی خۆیان کۆتاییپێهێنا و بلیتی چوارەم یانەی قۆناغی چوارگۆشەی زێڕین "چامپیۆنزلیگ"ـیان بڕی.

شایەنی باسە، وا بڕیارە کاتژمێر یەکی نیوەڕۆی ڕۆژی هەینی داهاتوو، تیروپشکی یارییەکانی قۆناغی نیوەی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکان "چامپیۆنزلیگ" ئەنجام بدرێت.

إرسال تعليق