Ads (728x90)

قوڕئانی پیرۆز سەرنجی فەڕەنسییەکان ڕادەکێشێت
سەرەڕای ئەو پەلامارانەی لەلایەن توندڕەوەکان لە پاریس لە مانگی یەکی ڕابردوو ئەنجامدرا، بەڵام فەڕەنسییەکان هەوڵەکانیان چڕ کردووەتەوە بۆ تێگەیشتن لە ڕۆشنبیری ئیسلامی بە شێوەیەکی باشتر.

دوای ئەو ڕووداوە خوێناوییە، بەشێکی زۆر لە فەڕەنسییەکان بایەخ بە خوێندنەوەی قوڕئان و ئەو چاپکراوانە دەدەن کە باس لە ئایینی ئیسلام دەکەن و تیشک دەخەنە سەر بنەما و بەها و ڕەهەندە هەمەلایەنەکانی.

ئامارەکان نیشانیدەدەن، کە لە ماوەی وەرزی یەکەمی ئەمساڵ، ژمارەی فرۆشتنی کتێبە پەیوەندیدارەکان بە ئایینی ئیسلام سێ ئەوەندە زیادیکردووە بە بەراورد بە هەمان ماوە لە ساڵی ڕابردوو ٢٠١٤، ئەوەش بە گوێرەی لێکۆڵینەوەیەک کە پشتیبەستووە بە ژمارەکانی ٣٠ گەورە پەرتووکخانەی فەڕەنسی.

ئەو ژمارەیەش سەرنجڕاکێشە، هەر چەند لەسەر ئاستی ژمارەدا وەکو پێویست نییە، چونکە وەکو لە پێشتر لە سەندیکای کتێبخانەکانی فەڕەنسیدا هاتبوو، کتێبە ئایینیەکان ١%ـی کۆی فرۆشتنی کتێب لە کتێبخانە فەڕەنسییەکان پێکدێنن.

بەڵام ئەوەندە هەیە کە پەلامارە خوێناوییەکان، کە ١٧ کوژراویان لێکەوتەوە و لەلایەن سێ گەنجی موسڵمانی فەڕەنسییەوە بۆ سەر بارەگای هەفتەنامەی "شارلی ئیبدۆ"ـی گاڵتەئامێزەوە ئەنجامدران، هەروەها کردەوە قێزەونەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش لە عێڕاق و شام، گەلی فەڕەنسی تووشی شۆک کرد، کە کۆمەڵگاکەی گەورەترین ژمارەی موسڵمانان لەسەر ئاستی ئەوروپا لەخۆدەگرێت، کە بە ٤ بۆ ٥ ملیۆن موسڵمان مەزەندە دەکرێن.

إرسال تعليق