Ads (728x90)

باڤارییەکان دەرسێکی مێژوویی بەرشەلۆنەیان دا (نوێکراوەتەوە)
لە یاری یەکەمی چوونی قۆناغی پێش کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، کە لە نێوان یانەی بایرن میونخی ئەڵمانی و یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی لەسەر یاریگای (ئەلیاز ئەرینا) ی تایبەت بە یانە ئەڵمانییەکە بەڕێوەچوو، باڤارییەکان دەرسێکی گەورە مێژوویی بەرشەلۆنەیان دا.

لە سەرەتای یارییەکەدا باڤارییەکان بە پلانێکی ژیرانەوە دەستیانپێکرد، بە پێچەوانەی کەتەلۆنییەکان کە بە شپرزەیی و ترسەوە ڕووبەڕووبوونەوەکەیان دەستپێکرد، بۆیەش کەشوهەواکە بۆ بەرژەوەندی زیاتری باڤارییەکان شکایەوە.

لە گێمی یەکەمدا باڤارییەکان بە گۆڵێکی جوانی (تۆماس مۆلەر) پێشکەوتنیان تۆمارکرد، بەمەش تەرکیزیان خستە سەر بەهێزکردنی هێڵی ناوەڕاست و تەسککردنەوەی ڕووبەرەکان لە بەردەم پێشڕەوی ئەستێرەکانی بارسا و یاریزانانی بەرشەلۆنەش هەوڵی زۆریاندا ئەنجامەکە هاوسەنگ بکەنەوە بەڵام لە واقیعی سەر یاریگادا شکستیان دەهێنا.

لەگەڵ دەستپێکردنی گێمی دووەمدا، باڤارییەکان دەستپێشخەرییەکی بوێرانەیان کرد و بۆ دووەم جار تۆڵی گۆڵی بەرشەلۆنەیان لە لایەن (ماریۆ گۆمێز) هەژاندەوە، ئەوەش کارتەکانی (تیتۆ ڤیلانۆڤا) ی ڕاهێنەری بارسای پەرت و بڵاوکرد، ناچار ناوبراو پلانەکەی گۆڕی و تەرکیزی یاریزانەکانی خستە سەر هێڕشبردنی ڕاستەوخۆ، بەمەش ڕووبەرەکانی هێڵی بەرگری و ناوەڕاستی بە کراوەیی لە بەردەم ڕۆبن و ڕیبێری و مۆلەر و شڤانشتایگەردا واڵا کرد، باڤارییەکانیش زیرەکانە ئەو دەرفەتانەیان قۆستەوە و بە دوو گۆڵی جەرگبڕ و کەمەرشکێن کە لە لایەن (ڕۆبن و مۆلەر) ەوە تۆمارکران ورەی یانە کەتەلۆنییەکەیان ڕووخاند، ئەگەر یاریزانەکانی یانەی بایرن میونخ بە تەرکیزی زیاترەوە یارییان بکردبا دەیانتوانی ئەنجامەکە قوڕستر بکەن.

بە فیکەی ناوبژیوان ئەنجامی یارییەکە بە () بۆ یانەی بایرن میونخی ئەڵمانی تۆمارکرا و هەنگاوێکی گرینگیان بڕی لە گەیشتن بە یاری کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا کە لەسەر یاریگای (وێمبڵی) ئەنجامدەدرێت، ئەرکی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانیش زۆر قوڕسە لە یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکە و وەرگرتنەوەی بلیتی یاری کۆتایی لە یانە باڤارییەکە.

دوا بە دوای کۆتاییهاتنی یارییەکەش، ڕۆژنامە و پێگە ئەلیکترۆنییە جیهانییەکان و شیکەرەوە وەرزشییەکان باسیان لە ئاستی خراپی ناوبژیوان کرد و باسی ئەوەیان کردووە کە سێ گۆڵ لە چوار گۆڵەکەی باڤارییەکان بە نادروستانە هەژمارکراون، هەروەکو ناوبژیوان دوو لێدانی سزای بۆ باڤارییەکان هەژمار نەکردووە، بەڵام هەر هەموویان یەکدەنگبوون کە یانەی بایرن میونخی ئەڵمانی ئاستێکی گەورەیان پێشکەشکرد و یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانیش تەواو بزر ببوون لەناو گەمارۆی یانە باڤارییەکە.

إرسال تعليق