Ads (728x90)

ڕیاڵ بە دەردی بەرشەلۆنە چوو، ئەڵمانەکان دەستباڵایی خۆیان دووپاتکردەوە
لە دووەم یاری ڕۆیشتنی قۆناغی پێش کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، هەردوو یانەی برۆسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی و یانەی ڕیاڵ مەدریدیئیسپانی لەسەر یاریگای تایبەت بە یانە ئەڵمانییەکە بەیەکگەیشتن.

لە سەرەتای فیکەی ناوبژیوان بۆ دەستپێکردنی یارییەکە، یاریزانانی برۆسیا دۆرتمۆند بە گەرموگوڕییەکی زۆر و پشتئەستوور بە هەشتا هەزار هاندەر هاتنە ناو یاریگا و ئامانجی لە پێشینەشییان دووبارەکردنەوەی سیناریۆی یانەی باڤاری بوو بەسەر ڕیاڵییەکان، هەر بۆیەش یاریکردنییان بەهێزتر بوو و کۆنتڕۆڵی یاریگاشیان کردبوو، تەنانەت فشارێکی زۆریان خستبووە سەر کوڕانی مۆرینیۆ، یاریزانە مەدریدییەکان تا نزیکەی نیو کاتژمێر لە دەستپێکی یارییەکە نەیانتوانی بوو تەرکیزیان بخەنە سەر یارییەکە.

لە خولەکی (٨) دا، یاریزانی ئاستبەرزی برۆسیا دۆرتمۆند (لیڤاندۆسکی) تۆڕی (دییۆگۆ لۆپێز) ی هەژاند و یانەکەی بە گۆڵێکی جوان پێشخست، بەمەش ورەی یاریزانەکانی بەرزتر و خرۆشانی هاندەرانی زیاتر کرد، بەڵام کەمێك پێش تەواوبوونی گێمی یەکەم لە هەڵەیەکی کوشندەی بەرگریکارێکی برۆسیا دۆرتمۆند (هیگواین) تۆپی وەرگرت و لەسەر سینییەکی زێڕین خستییە بەردەم (کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ) و ئەویش بە زیرەکانە ئاراستەی تۆڕی گۆڵی کرد و ئەنجامەکەی یەکسان کردەوە و یانە ئەڵمانییەکەی خستە بەردەم ئەرکێکی گران.

لەگەڵ دەستپێکردنی گێمی دووەمی یارییەکەدا، برۆسیا دۆرتمۆند بە هەمان سەرەتای گێمی یەکەم دەستیپێکرد وهەر لە زووەوە لە خولەکی (٤٩) گۆڵی دووەمییان لە لایەن (لیڤاندۆسکی) ەوە تۆمارکرد و کەشوهەوای یارییەکە پڕ جۆش و خرۆشتر بوو، جارێکی تر هەمان یاریزان (لیڤاندۆسکی) گۆڵی سێیەمی تۆمارکرد و مەترسی گەورەیان لەسەر یانە مەدریدییەکە دروستکرد و تەنانەت گۆڵی چوارەمیشیان لەلایەن هەمان یاریزان (لیڤاندۆسکی) بە لێدانی سزا تۆمارکرد، ئەمەش مۆرینیۆی ناچارکرد پەنا بباتە بەر ئەنجامدانی گۆڕانکاری و هەریەك لە (بنزیما و دیماریا) ی خستە ناو یاریگا بەو هیوایەی ئەنجامە قوڕسەکە کەمتر بکاتەوە، بەڵام ئەنجامەکە هەروەکو خۆی مایەوە و هیچی نوێ بەسەر کەشوهەوای یارییەکەدا نەهات.

سەرەنجام یارییەکە بە ئەنجامی (٤-١) بۆ بەرژەوەندی برۆسیا دۆرتمۆند کۆتاییهات، مەدریدییەکانیش هەمان تاڵاوی بەرشەکانیان نۆشت و بە دەردی ئەوان چوون.

ئێستا هەموو لایەك چاوەڕوانی سێشەممە و چوارشەممەی داهاتوون، ئاخۆن ئیسپانەکان چۆن تۆڵەی خۆیان لە ئەڵمانەکان دەکەنەوە؟!.

إرسال تعليق