بە پشتبەستن بە چەندین فەرموودەی پێغەمبەری خۆشەویستمان حەزرەتی موحەممەد (دخ)، ڕوونکردنەوە لەسەر ئەو ناونیشانەی سەرەوە دەدەین، کە گرینگییەکی گەورەی لە ژیانی موسڵماناندا هەیە.
دوعاکردنی فریشتەکان بۆ مرۆڤ بایەخ و تایبەتمەندیی خۆی هەیە و، ڕەنگە ببێتە گەورەترین سەرکەوتن لە ژیانی دونیا و ئاخیرەتدا، بۆیە با بە بایەخپێدانەوە سەرنج بدەین لەو بابەتە.
دیارە حەوت شت هەن کە دەبنە هۆکاری ئەوەی فریشتەکان دوعا بۆ مرۆڤ بکەن، بۆیە با ئەو حەوت شتانە بزانین و هەوڵبدەین جێبەجێیان بکەین بۆ ئەوەی فریشتەکان دوعامان بۆ بکەن.
حەوت شتەکەش بریتین لە:
- چاوەڕوانیکردنی نوێژ، پێغەمبەرمان (دخ) دەفەرمووێت: هەر یەکێکتان دابنیشێت چاوەڕوانی نوێژ بکات، فریشتەکانی خودا دوعای بۆ دەکەن و دەڵێن: خودایە لێیخۆشبە، خودایە ڕەحمی پێبکە.
- نوێژکردن لە ڕیزی یەکەم یان لە ڕیزەکانی پێشەوە، پێغەمبەرمان (دخ) دەفەرمووێت: خودا و فریشتەکان ڕەحمەت دەڕژێننە سەر ئەو نوێژخوێنانەی لە ڕیزی یەکەم یان لە ڕیزەکانی پێشەوە وەستاون.
- گوتنی (ئامین) دوای خوێندنی فاتيحە، پێغەمبەرمان (دخ) دەفەرمووێت: ئەگەر یەکێکتان لە پاش خوێندنی فاتحە گوتی (ئامین)، فریشتەکانیش لە ئاسمان وتیان (ئامین) و ڕێککەوتن لە گوتنەکەی هەردووکیان هەبوو، خودای گەورە لە گوناهەکانی پێشووی خۆش دەبێت.
- ئەنجامدانی نوێژى بەیانی بە کۆمەڵ، پێغەمبەرمان (دخ) دەفەرمووێت:هەر کەسێك نوێژی بەیانی ئەنجام بدات و لە شوێنی نوێژکردنەکەی دابنیشێت، فریشتەکانی خودا ڕەحمەتی دەڕژێننە سەر و دەڵێن: خودایە لێیخۆشبە، خودایە ڕەحمی پێبکە.
- دوعاکردن بۆ برای موسڵمان لەو کاتەی ئەو ئاگای لێنەبێت، پێغەمبەرمان (دخ) دەفەرمووێت: دوعاکردنی موسڵمان بۆ برای موسڵمانی لەو کاتەی ئەو ئاگای لێنەبێت، فریشتەیەك لە نزیك سەری دەوەستێت، کە لەگەڵ هەر دوعایەك دەڵێت: ئامین، خودا هەمان شتیش بە تۆ ببەخشێت.
- بەخشین لە ڕێگای خودا، پێغەمبەرمان (دخ) دەفەرمووێت: لە هەموو ڕۆژێکی نوێدا، دوو فریشتە دادەبەزن و یەکێکیان دەڵێت: خودایە ئەو کەسەی دەبەخشێت قەرەبووی بۆ بکەوە، ئەوەکەی تریش دەڵێت: خودایە ئەو کەسەی نابەخشێت، ئەوەی هەیەتی لێی بفەوتێنە.
- خەڵك فێری چاکە بکەی، پێغەمبەرمان (دخ) دەفەرمووێت: خودا و فریشتەکان و ئەهلی ئاسمانەکان و سەرزەمین تەنانەت مێرووش لە کونەکەی خۆیدا و نەهەنگیش لە دەریادا داوای ڕەحمەت دەکەن بۆ ئەوە کەسەی خەڵك فێری چاکە دەکات.
إرسال تعليق