Ads (728x90)

«پەیڤێك لە یادی کرێکاراندا»
له‌ ڕێكه‌وتی 1 / ئایاری هه‌موو ساڵێك، زۆربه‌ی ووڵاتانی جیهان ئاهه‌نگ ده‌گێڕن به‌ بۆنه‌ی یادی جیهانی كرێكاران و، ئه‌و ڕۆژه‌ بووه‌ته‌ وێستگه‌یه‌ك بۆ سه‌رله‌نوێ دووپات كردنه‌وه‌ له‌ داوا ڕه‌واكانی كرێكاران، كه‌ ده‌توانین بڵێین، له‌ نه‌خشه‌ڕێی ئیسلامدا، به‌ هه‌وڵی جدییانه‌تر و به‌ هه‌نگاوی عه‌مه‌لییانه‌تر، دووپات له‌ به‌جێهێنانییان كراوه‌ته‌وه‌ و ئامۆژگاری دراوه‌ به‌ هاریكاریكردنی چینی هه‌ژاران و فراوانكردنی چوارچێوه‌ی دادپه‌روه‌ری، بۆ ئه‌وه‌ی هاوشانی هه‌موو تاكه‌كانی کۆمەڵگا، كرێكارانیش سوودمه‌ندی جێبه‌جێكردنی بنچینه‌ و بنه‌ماكانی بن.

ئه‌و ڕۆژه‌ له‌ ڕۆژێكی ئاسایی ناچێت، چونكه‌ چیرۆكێكی مێژوویی له‌خۆده‌گرێت، له‌ ساڵی (1869) زایینی، ڕێكخراوێكی مافپه‌روه‌ری ئه‌مریكی كه‌ ناوی «ڕێكخراوی سوارچاكانی كار» بوو، كه‌ ڕێكخراوێكی سه‌ندیكایی بوو و هه‌وڵی باشتركردنی گوزه‌رانی كرێكاران و زیادكردنی كرێ و كه‌مكردنه‌وه‌ی كاتی كاركردنیانی ده‌كرد، له‌و ڕۆژه‌دا (1 / ئایار)، داوای ڕێكخستنی مانگرتنی گشتی كرد بۆ داواكردنی مافه‌كانی كرێكاران له‌ هه‌موو كارگه‌ و دامه‌زراوه‌كان و كه‌مكردنه‌وه‌ی سه‌عاته‌كانی كاركردن بۆ (8) سه‌عات لە ڕۆژێکدا، به‌ڵام به‌گژیه‌كداچوون له‌ نێوان پۆلیس و كرێكاران ڕوویدا، كه‌ بووه‌ هۆی كوژران و برینداربوونی ژماره‌یه‌ك كرێكار، ڕێبه‌رانی كرێكارانیش حوكمدران و چواریان له‌ سێداره‌دران.

له‌و کات و ڕۆژەوە، یادی كرێكاران بۆته‌ ده‌رفه‌تێك بۆ ئاهه‌نگگێڕانێكی جیهانی سه‌رتاسه‌ریی، ئه‌مه‌ش بۆ سه‌رنجڕاكێشانی جیهان بۆ مافه‌كانی كرێكاران و زانینی ڕاده‌ی ئه‌و ئازار و نه‌هامه‌تییانه‌ی به‌ سه‌ریان دێت له‌ ئه‌نجامی كاركردنییان له‌ هه‌لومه‌رجه‌ نه‌گونجاوه‌كاندا.

ئه‌گه‌رچی یادی كرێكاران له‌ بنچینه‌دا یادێكی شیوعییانه‌یه‌ «به‌ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌وان ڕێكخه‌ری مانگگرتنه‌كه‌ بوون و ڕێبه‌ر و به‌ڕێوبه‌رانی سه‌ر به‌و حیزبه‌ بوون»، بەڵام ئه‌وه‌ به‌ڵگه‌كانی مێژوون پێمان ده‌ڵێن، كه‌ ئیسلام یه‌كه‌م ڕێباز بووه‌، كه‌ به‌ كرده‌یی ده‌ستپێشخه‌ری كردووه‌ بۆ پاراستنی كه‌ڕامه‌ت و مافه‌كانی كرێكاران و په‌له‌كردن له‌ پێدانی كرێی كاره‌كانییان، ئه‌وه‌تا پێغه‌مبه‌رمان (د خ) ده‌فه‌رمووێت:

«أعطوا الأجیر أجره قبل أن یجف عرقه»

واته‌ : كرێی كاركردن بده‌نه‌ كرێكار به‌ر له‌وه‌ی ئاره‌قی ناوچەوانی وشك بێته‌وه‌، دیاره‌ مه‌به‌ستی پێغه‌مبه‌ر «د خ» ئه‌وه‌یه‌، ده‌ستبه‌جێ و دوای ته‌واوبوونی كاره‌كه‌ی، كرێكار ئاسووده‌ بكرێت به‌ پێدانی هه‌قی كاركردنه‌كه‌ی، هه‌روه‌ها پێغه‌مبه‌رمان «د خ» ده‌فه‌رمووێت: 

«ثلاثة أنا خصمهم یوم القیامة منهم رجل أستأجر أجیراً فلم یوفه أجره»

واته‌: سێ كه‌س هه‌ن له‌ ڕۆژی قیامه‌تدا من ڕكابه‌ریانم، یه‌كێك له‌و سێ كه‌سانه‌ پیاوێكه‌، کە كرێكارێك بە کرێ بگرێت و ئیشی پێبكات و كرێی كاركردنه‌كه‌ی نه‌داتێ، دیاره‌ مه‌به‌ستی پێغه‌مبه‌ر «د خ» ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ڕاسته‌وخۆ و ڕاشكاوانه‌ پێمان بڵێت: من داكۆكیكار و پارێزه‌ری مافه‌كانی كرێكارانم و هه‌رگیز له‌و كه‌سانه‌ خۆش نابم كه‌ مافه‌كانییان بخوات.

له‌و دوو فه‌رمووده‌یه‌دا، بایه‌خپێدانی ته‌واوی ئیسلام به‌ كرێكاران و پێدانی ده‌ستبه‌جێی كرێی كاركردنییان به‌دیده‌كرێت و ئه‌و هه‌قیقه‌ته‌ش ده‌چه‌سپێت، كه‌ له‌ نه‌خشه‌ڕێی ئیسلامدا، ڕووبه‌رێكی گرنگ و گه‌وره‌ وه‌كو بنچینه‌یه‌ك بۆ بنیاتنانی داهاتووی ڕووناك بۆ چینی كرێكاران ته‌رخانكراوه‌ و ڕێنمایی و ڕاسپارده‌ی پێویست بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ بڵاوكراونه‌ته‌وه‌، جیاوازی په‌یامی ئیسلامیش له‌ گه‌ڵ هه‌ر په‌یامێكی دیكه‌ بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی مافه‌كانی كرێكاران، جیاوازیێكی گه‌وهه‌رییانه‌یه‌، چونكه‌ له‌ ئیسلامدا ده‌بینین ڕێبه‌ره‌كه‌ كه‌ حه‌زره‌تی موحه‌ممه‌ده‌ «د خ» به‌ لایه‌وه‌ نه‌نگی نه‌بووه‌ خۆی له‌ ئاست و پله‌ی كرێكارێكدا ببینێت، تەنانەت شانازیكردن به‌ كاركردن له‌ دیارترین خه‌سڵه‌ته‌ دره‌وشاوه‌كانی بووه‌ و به‌ کردەیی سه‌لماندوویه‌تی، كه‌ ڕۆڵ و پایه‌ی كرێكاران له‌ به‌دیهێنانی بوژانه‌وه‌ی ئابووریدا، ڕاستییەكه‌ هه‌رگیز ناتواندرێت نكۆڵی لێبكرێت، لەو ڕووەوەش ده‌یان نموونه‌ی زیندوو له‌ ژیاننامه‌كه‌یدا هه‌ن، كه‌ ده‌ستخۆشانه‌ و هاندانی حه‌زره‌ت «د خ» بۆ كرێكاران پیشان ده‌ده‌ن.

بۆیه‌ له‌و بۆنه‌ گرنگه‌دا، جارێكی تر ئه‌و ڕاستییه‌ به‌رچاو ده‌كه‌وێته‌وه‌، كه‌ ئه‌وه‌ دیموكراسی و عه‌لمانییه‌ت و عه‌وله‌مه‌یه‌ له‌ سه‌رده‌می پێشكه‌وتندا درێژه‌ به‌ چه‌وساندنه‌وه‌ی كرێكاران ده‌درێ و مافه‌كانییان پێشێل ده‌کرێ..!، به‌ ئاوڕدانه‌وه‌یه‌كیشمان بۆ ڕابردووی لە سەردەمانی حوكمڕانی ئایینی ئیسلام، ده‌بینین كرێكاران له‌ باشترین هه‌لومه‌رجی كاركردندا بوونه‌ و سه‌ربه‌رزانه‌ و شه‌ڕه‌فمه‌ندانه‌ ژیاون، بۆیه‌ ئه‌ركه‌ ئه‌و ڕۆژگاره‌ ڕووناكه‌یان بۆ درووست بكه‌ینه‌وه‌، كه‌ ئیسلام پێشكه‌شی كردوون، ئیتر با به‌ دروشمی بریقه‌دار و به‌ڵێنی سه‌رزاره‌كییانه‌ ئه‌و یاده‌ تێنه‌په‌ڕێنین، چونكه‌ ئه‌و ڕۆژه‌ ڕۆیشت كرێكاران به‌و شتانه‌ بخه‌ڵه‌تێن و بكرێنه‌ پاشكۆی ئه‌م و ئه‌و، ئیمڕۆ كرێكاران ده‌یانه‌وێت عه‌مه‌لییانه‌ كاریان بۆ بكرێت و بگه‌نه‌ ئامانجه‌ ڕه‌واكانییان.

إرسال تعليق