Ads (728x90)

تاكە موسڵمانەکەی دوورگەی “گرینلاند” 21 کاتژمێر بەڕۆژوو دەبێت
پێگەیەکی ئەلیکتڕۆنی بەناوی“ئەنمید”، موسڵمانێکی بەڕۆژووی لە دوورگەی “گرینلاند” دۆزییەوە، کە هیچ کەسێك پێیوانەبووە موسڵمانێك لەو دوورگە نیمچە چۆلەدا دەژیێت!.

موسڵمانەکە ناوی “وسام الزقیر” ە، کە لە بنەڕەتدا خەڵکی لوبنانە و لە دوورگەی “گرینلاند” ژیان بەسەر دەبات، کە بە درێژایی ساڵ بە کێوی بەفرین دەورە دراوە، ئەو تاکە موسڵمانە لە ڕۆژێکدا (21) کاتژمێر بەڕۆژوو دەبێت.

“گرینلاند” بە گەورەترین دوورگەی جیهان دادەنرێت و دەکەوێتە نێوان ئۆقیانووسی ئەتڵەسی و ئۆقیانووسی بەستەڵەکی باکور، لە ڕووی سیاسییەشەوە “گرینلاند” سەر بە وڵاتی دانیمارکە بەڵام خاوەنی حوکمی ئۆتۆنۆمییە.

هاوڵاتییانی دوورگەی “گرینلاند” نازناوی “کۆلۆمبۆسی عەڕەبی” یان بەخشیووەتە “وسام الزقیر”، بەوەی تاکە موسڵمانە توانیوێتی لەوێ ژیان بەسەر ببات، کە پرۆژەیەکی سەرکەوتوو لە “نووك” ی پایتەخت بەڕێوە دەبات، پرۆژەکەش بریتییە لە چێشتخانەیەك، کە ڕۆژانە نزیکەی (22) کەس ڕووی تێدەکەن!.

کاتژمێرەکانی بەڕۆژووبوونی ئەمساڵ لە دوورگەی “گرینلاند” دەگاتە (21) کاتژمێر، کەواتە “وسام الزقیر” تەنها دوو کاتژمێری بۆ دەمێنێتەوە تاوەکو ئامادەکاری بکات بۆ پارشێو و ئەنجامدانی نوێژی عیشا و بەیانی.

“وسام الزقیر” دەڵێت: شانازی بەوەوە دەکەم، کە تاکە موسڵمانە لە دوورگەی “گرینلاند” ژیان بەسەر دەبات و هەردوو فەڕزی نوێژ و بەڕۆژووبوون جێبەجێ دەکات، ئەو هەروەها دەڵێت: چەندینجار بیری لەوە کردۆتەوە کە ماوەکانی مانگی ڕەمەزان لە لوبنان بەسەر ببات، بەڵام زۆر نابات لەو بیرکردنەوەیەی پاشگەز دەبێتەوە، چونکە لە کاتی سەفەرکردنییدا، هیچ یەکێك نییە لە دوورگەی “گرینلاند” بەڕۆژووبێت و نوێژ بکات!.

إرسال تعليق