Ads (728x90)

"نەبیل گیلاس" ڕەتیکردەوە لەناو یارییدا ڕۆژووەکەی بشکێنێت
یاریزانی هەڵبژاردەی نێودەوڵەتی جەزائیر "نەبیل گیلاس"، بوتڵە ئاوێکی ڕەتکردەوە کە لەلایەن یەکێك لە ئەندامانی تیمی پزیشکی یانەی پۆرتۆی پورتوگالییەوە پێیدرا بۆ ئەوەی ڕۆژووەکەی بشکێنێت.

لە ڤیدیۆی یارییەکەدا، کە ڕۆژنامەی "شروق" ی جەزائیری بڵاویکردووەتەوە، دەردەکەوێت، کە "نەبیل گیلاس" کەمێك پێش کۆتاییهاتنی یاری یانەکەی بەرامبەر بە یانەی ناپۆلی، ئیتاڵی یاریگا بەجێدەهێڵێت، لەو دەمەدا یەکێك لە ئەندامانی تیمی پزیشکی یانەکەی بوتڵە ئاوێکی پێدەدات بۆ ئەوەی ڕۆژووەکەی بشکێنێت، بەڵام "نەبیل گیلاس" داوای لێبوردن دەکات چونکە بەڕۆژووە.

ڕۆژنامەکە باسی ئەوەیکردووە، کە لەو یارییەدا، "نەبیل گیلاس" گۆڵێکی بۆ یانەکەی تۆمار کرد و ئەدایەکی جوانی پێشکەشکرد، سەرەڕای ئەوەی بەڕۆژوو بووە، نەخاسمە کە کەشوهەوا گەرم بووە و بەهۆی بەڕۆژووبوونەکەشی ماندوو بووە.

لە یارییەکەدا، یانەی پۆرتۆی پورتوگالی بە ئەنجامی (3-1) لە یانەی ناپۆلی ئیتاڵی بردەوە و، یارییەکەش لە چوارچێوەی یارییە دۆستانە نێودەوڵەتییەکان بوو.

شایەنی باسە، "نەبیل گیلاس" لەدایکبووی شاری "مارسیلیا" ی فەڕەنسییە و، لە ئەسڵدا دایك و باوکی خەڵکی جەزائیرن.

ئەو هەڵوێستە بەرزەی "نەبیل گیلاس" وانەیەکی بەهێزە بۆ ئەوانەی بە ئاشکرا سەرپێچی فەرمانی خودای پەروەردگار دەکەن و حوڕمەتی مانگی ڕەمەزان دەشکێنن!.

إرسال تعليق