Ads (728x90)

مەدرەسەی ڕەمەزان و چالاککردنی هێزی ڕۆحانی
مانگی پیرۆزی ڕەمەزان خولێکی چڕ و پڕە بۆ سافی و گونجانی دەروونی، ئەگەر قوتابخانە دەروونییە هاوچەرخەکان لەڕێی کردنەوەی چەندین خولی جۆراوجۆردا بەدوای سافی و جێگیری باری دەروونی مرۆڤەکاندا بگەڕێن بۆ ئەوەی دەرفەتیان لە بەردەمدا بڕەخسێنن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ فشارەکان، دەبینین قوتابخانەی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان خولێکی ئیسلامی تێروتەسەل و گشتگیرە و، سوودی زۆر بە تەندروستی دەروونیمان دەبەخشێت.

چالاککردنی هێزی ڕۆحی:

شتێك هەیە، کە توێژەران دەستیانکردووە بە قسەکردن لەسەری، ئەگەر چی نازانن هەقیقەتەکەی چییە!، بەڵام ئەوان دڵنیان لە بوونی ئەو شتە لە واقیعدا!، ئەوان باس لە شتێکی شاراوە و نهێنییەکی سەرسوڕهێنەر دەکەن، کە بەسەر مرۆڤدا دێت و شوێنەوارەکانی لەسەر بەدیار دەکەون، کە هێز و حەسانەوە و هێمنی پێدەبەخشن، ئەوەیان "هێزی ڕۆحانی" یە لە مرۆڤدا، ئەو شتەی جیاوازە لە جەستە و نەفس، هەروەها شتێکی دیکەیە، کە لە موعجیزە و کەڕاماتیش نییە، ئەو  شتە لەڕادەبەدەرانە بۆ هەموو کەس دەستەبەر نەکراوە، بەڵام ئەو هێزە "هێزی ڕۆحانی"، دەستەبەرکراوە بۆ هەموو کەس، بۆ هەموو کەسێك کە بیەوێت و داوای بکات و بەدوایدا بگەڕێت. بەڵێ، ئەو هێزە "هێزی ڕۆحانی" لە هەر یەکێك لە ئێمەدا دروستیکردووە.

لە دوا بیست ساڵەکانی ڕابردوودا،  دەیان لێکۆڵینەوە دەربارەی ئەو هێزە ڕۆحانییە ئیمانییە ئەنجامدراون و، چەندین ناوی جیا جیایان لێنراوە، جارێکیان هێزی ڕۆحانی "Spiritual power"، جارێکیان هێزی ئیمانی "Faith power"، هەندێکجاریش ناویان لێناوە هێزی ئایینی "Religious power".

پەختەی ئەو لێکۆڵینەوانەش، کە زۆربەیان لەسەر ناموسڵمانەکان ئەنجامدراون، دەرکەوتووە، کە "هێزی ڕۆحانی"، بە زۆر ڕێگە سوودبەخشە بۆ مرۆڤ، کە ئەمانەن:

  • دڵنیایی و هێمنی و نەرمی و جێگیری دەروونی و گونجاویت پێدەبەخشن.
  • توانات بەسەر بەرگەگرتنی فشارەکانی ژیان و ڕاهاتن لەگەڵ کەشوهەوای کارەسات و موسیبەتەکان بەرز دەکاتەوە.
  • ڕێگریت لێدەکات لە زۆرێك لەو ڕەوشتانەی زیانبەخشن بۆ تەندروستی، وەکو جگەرەکێشان و شەڕاب و داوێنپیسی.
  • تێڕوانین و شێوازی بیرکردنەوەت دەگۆڕێت لە بەرامبەر ڕووداوەکان و کەسەکان و شتەکانی دەوروبەرت.

ئەو خاڵانەی ئێستا بە پوختی ئاماژەمان بۆ کردن، کاریگەری بەهێزیان هەیە لەسەر تەندروستی مرۆڤ و بەهێزترکردنی بەرگرییەکەی، بۆیە هیواخوازی ئەوەین بۆ ڕۆژووانە بەڕێزەکان، کە لەو مانگە پیرۆزەدا، سوود لە "هێزی ڕۆحانی" وەربگرن.

إرسال تعليق