Ads (728x90)

ئێستاش تامی حەلوایەکە لە دەمم دایە
پیاوێکی بە تەمەن بەهۆی نەخۆشییەوە لە نەخۆشخانە دەخەوێندرێت، گەنجێك هەموو ڕۆژێك سەردانی دەکات و بۆ ماوەی کاتژمێرێك لەلای دادەنیشێت و یارمەتی دەدات لە نانخواردن و خۆشووشتن، پیاسەیەکیشی بۆ ناو باخچەی نەخۆشخانە پێدەکات، دوای دڵنیابوون بەجێیدەهێڵێت.

ڕۆژێکیان نەخۆشەوانەکە (ممرضة) دێتە لای بۆ ئەوەی دەرمانەکەی پێبدات و لە تەندروستییەکەی بپرسێتەوە، نەخۆشەوانەکە پێیدەڵێت: ماشەڵا مامە حاجی!، نەوەکەت ڕۆژانە سەردانت دەکات، کوڕ و نەوەکانی ئەو سەردەمە ئەوە ناکەن!.

پیاوەکە تەماشایەکی نەخۆشەوانەکەی کرد و هیچ قسەی نەکرد و چاوەکانی داگرت، لە دڵی خۆیدا وتی: "خۆزگە یەکێك بوایە لە کوڕەکانم"، ئەوە ئەو کوڕە بێباوکەی گەڕەکەکەمان بوو کە تێیدا دەژین، جارێکیان لەلای دەرگای مزگەوت بینیم دەگریێت چونکە باوکی مرد بوو، منیش چوومە لای و هێورم کردەوە و دڵمدایەوە، هەندێك حەلوام بۆ کڕی، لەو ڕۆژەوەشەوە نەمبینییەوە!.

لەو ڕۆژەوەی زانیوییەتی من و خێزانەکەم بە تەنیاین، ڕۆژانە بەسەرمان دەکاتەوە، تا وایلێهات تەواو بێتاقەت بووم، خێزانەکەمی بردە لای خۆی و منیشی هێنایە ئێرە بۆ چارەسەرکردن!.

پیاوەکە دەڵێت: کاتێك پێموت، ڕۆڵە بۆچی بەهۆی ئێمەوە ئەو هەموو ماندووبوون و ئەزیەتە دەکێشیت؟!، ئەو بە زەردەخەنەوە دەیوت: مامە گیان، تامی حەلوایەکە هەر لە دەمم دایە!!.

پێغەمبەری خۆشەویستمان "دخ" دەفەرمووێت: اصنع المعروف في أهله وفي غير أهله , فإن صادف أهله فهو أهله وإن لم يصادف أهله فأنت أهله، واتە: چاکە لەگەڵ ئەهلی چاکە و غەیری ئەوانیش بکە، چونکە ئەگەر چاکەکەت لەگەڵ چاکەکاران بوو، ئەوە دیارە کەسە ئەهلی چاکە بووە، کە وابێ چاکەکەی تۆ بۆ کەسێکی شایستە چووە، ئەگەریش لەگەڵ ئەهلی چاکە نەبوو، ئەو تۆ ئەهلی چاکەی و تۆ شایستەی چاکەکردنی.. هەروەها پێغەمبەری خۆشەویستمان "دخ" دەفەرمووێت: صاحب المعروف لا يقع , وإن وقع وجد متّكأ، واتە: چاکەکار ناکەوێت، ئەگەریش بکەوێت پاڵپشت و پەنایەکی دەستدەکەوێت.

شاعیریش زۆر جوانی فەرمووە:


إزرع جميلا ولو في غير موضعه ................ فلن يضيع جميل أينما صنع
إن الجميـــــــل إذا طال الزمان به ............. فليس يحصده إلا الذي زرع


واتای شیعرەکە: چاکە بچێنە، تەنانەت ئەگەر لە شوێنی خۆیشی نەبێت، چونکە چاکە لە هەر شوێنێك بچێندرێت بە فیڕۆ ناچێت .. چاکە هەرچەند ڕۆژگاری درێژی بەسەردا تێبپەڕێت، تەنها ئەو کەسە دەیدوروێتەوە و لە بەرهەمەکەی دەخوات کە چاندوویەتی. 

إرسال تعليق