Ads (728x90)

بەپەلە: بایرن میونخ نازناوی جامی سوپەری ئەوروپی بەدەستهێنا (نوێکراوەتەوە)
کاتژمێر (9:45) خولەکی ئەمشەو، لەسەر یاریگای "ئیدن"  لە شاری "براگ" لە وڵاتی چیك، یاری نێوان هەردوو یانەی بایرن میونخی ئەڵمانی "پاڵەوانی چامپیۆنسلیگ" و یانەی چێلسی ئینگلیزی "پاڵەوانی یۆروپالیگ" بۆ بەدەستهێنانی نازناوی جامی سوپەری ئەوروپی بەڕێوەچوو.

یارییەکە چێژێکی تایبەتی هەبوو، چونکە یانە ئینگلیزییەکە بە سەرکردایەتی "خۆزێ مۆرینیۆ" ڕاهێنەری پێشووی "ڕیال مەدرید" و یانە ئەڵمانییەکەش بە سەرکردایەتی "پیپ گواردیۆلا" ڕاهێنەری پێشووی "بەرشەلۆنە" ڕووبەرووی یەکتر بوونەوە، ئەوەش بەلای زۆر لە چاودێران دووبارەبوونەوەی کلاسیکۆییەکی تر بوو لە بەرگێکی جیاوازتردا.

لە سەرەتاکانی گێمی یەکەمی یارییەکەدا، کوڕانی "پیپ گواردیۆلا" بە گیانی تۆڵەکردنەوە لە دۆڕانی دوو ساڵ لەمەوبەریان لە یاری کۆتایی "چامپیۆنسلیگ" لە بەرامبەر یانەی چێلسی ئینگلیزی هاتنە ناو یاریگا، پلانی "خۆزێ مۆرینیۆ" یش ئەوە بوو جارێکی تر بردنەوە و بەدەستهێنانی نازناوێکی نوێ لەسەر حیسابی باڤارییەکان تۆمار بکات، ئەوە بوو لە خولەکی (8) "فێرناندۆ تۆرێس" گۆڵی یەکەمی بۆ یانەی چێلسی تۆمار کرد و فشارێکی دەروونی قوڕسی بۆ یاریزانانی یانە باڤارییەکە دروستکرد و کارتەکانی ڕاهێنەرە ئیسپانییەکەی پەرت و بڵاوکرد، ئەوەش وایکرد یانە ئینگلیزییەکە بەهێزتر دەربکەوێت، بەڵام یانەی بایرن بە سەرکردایەتی "فڕانك ڕیبێری" چەندین هێڕشی ترسناکیان بردە سەر گۆڵی یانەی چێلسی، بەڵام بەبێ ئەوەی بتوانن گۆڵ تۆمار بکەن، یاریزانانی یانەی چێلسیش بێدەنگ نەبوون، بەڵکو زۆر دەرفەتی تۆمار کردنی گۆڵیان فەوتاند، گێمی یەکەم بە پێشکەوتنی چێلسی بە ئەنجامی (1-0) کۆتاییهات.

لە سەرەتاکانی گێمی دووەمی یارییەکەدا، هەر زوو و لە (47) "فڕانك ڕیبێری" بە لێدانی شووتێکی بەهێز و جوان گۆڵی یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکەی بۆ یانەی بایرن میونخ تۆمار کرد، دواتر باڤارییەکان کۆنتڕۆڵی تەواوی یاریگایان کرد و چەندین هێڕشی ترسناکیان بردە سەر گۆڵی یانە ئینگلیزییەکە، بە تایبەت "فڕانك ڕیبێری" ڕۆڵێکی گەورەی هەبوو لە سەرکردایەتیکردنی هێڕشەکانی یانە باڤارییەکە، کە دەتوانین بڵێین یانەی بایرن لە ڕووی خێرایی و تەکتیك و تەکنیك و کۆنتڕۆڵکردنەوە بەهێزتر و سەرکەوتووتر بوون، یانەی چێلسیش بە پشتبەستن بە هێڕشی هەڵگەڕاوە، چەند جارێك مەترسی خستە سەر گۆڵی یانەی بایرن، بەڵام هەموو هەوڵەکانی هەردوولا بە شکست تەواو بوون.

لە خولەکی (85) یارییەکە گۆڕانکارییەکی گەورەی بەخۆیەوە بینی، کاتێك ناوبژیوان یاریزانی بەڕازیلی  یانەی چێلسی "ڕامیرێس" ی کارتی سوور کردە دەرەوە، ئەوەش ڕووبەری یاریگای بۆ باڤارییەکان فراوانکرد و دەستیانکرد بە هێڕشبردن، بەڵام سەرەڕای ئەوەش، بەڵام کاتی یاسایی یارییەکە بە ئەنجامی یەکسانبوونی ئیجابی (1-1) کۆتاییهات و ناوبژیوان بڕیاریدا بە دوو گێمی زیادکراو.

لەگەڵ دەستپێکردنی گێمی یەکەمی زیادکراودا، ئەوەی چاوەڕواننەکراو بوو بینرا، کاتێك یانەی چێلسی دەستباڵایی خۆی چەسپاند و لە خولەکی (93) دا، "هازارد" ی ئەستێرەی یانە ئینگلیزییەکە لە جوڵانەوەیەکی جوان و لە هەوڵێکی تاکەکەسییدا، شووتێکی بەهێزی ئاراستەی گۆڵی یانەی باڤاری کرد و گۆڵی دووەمی بۆ یانە ئینگلیزییەکە تۆمار کرد، ئەوەش یاریزانانی باڤاری بە ئاگا هێنایەوە و کەوتنەوخۆ بۆ ڕاستکردنەوەی ئەنجامەکە، بەڵام سەرباری کۆنتڕۆڵکردنی یاریگا، بەڵام باڤارییەکان شکستیانهێنا لە یەکسانکردنەوەی ئەنجامی یارییەکە، بەوەش گێمی یەکەمی زیادکراو بە پێشکەوتنی چێلسی بە ئەنجامی (1-2) کۆتاییهات.

لەگەڵ دەستپێکردنی گێمی دوومی زیادکراودا، باڤارییەکان سوور بوون لەسەر هاوسەنگکردنەوەی هاوکێشەی یارییەکە و بەو نیازە هاوتنە ناو یاریگا، هەرواش بوو، کاتێك فشارێکی گەورەیان لەسەر یانە ئینگلیزییەکە دروستکرد و لە ماوەی تەنها یەك خولەکدا "پیتەر چیك" ی گۆڵپارێزی یانە ئینگلیزییەکە دوو لێدانی سەری ترسناکی گەڕاندەوە و یانەکەی لە دوو مەترسی ڕاستەقینە پاراست، سەرەنجام لە دوا خولەكدا (120)، یاریزانی ئیسپانی یانەی بایرن "خافی مارتینێز" گۆڵی یەکسانبوونی تۆمارکرد و یاریزانان و هەوادارانی یانە ئینگلیزییەکەی تووشی شۆك کرد، هەر دوای گۆڵەکەش، ناوبژیوان فیکەی کۆتایی یارییەکەی لێدا و هەردوو یانەکە پەنایان بردە بەر لێدانەکانی سزای یەکلاییکەرەوە.

دوای جێبەجێکردنی لێدانەکانی سزا، یانەی بایرن میونخ بە ئەنجامی (5-4)سەرکەوتنی تۆمارکرد و بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا نازناوی جامی سوپەری ئەوروپی بەدەستهێنا و جامەکەیان بەرزکردەوە.

إرسال تعليق