Ads (728x90)

زانایان ئیعجازی پێغەمبەر لە “كلێنجە” پشتڕاست دەکەنەوە
لە فەرموودەی پێغەمبەرمان حەزرەتی موحەممەد "دخ" هاتووە، کە حەزرەت "دخ" دەفەرمووێت:

(( يبلى كل عظم من ابن آدم إلا عجب الذنب وفيه يركب الخلق يوم القيامة )) رواە مسلم.

واتا: هەموو ئێسکێکی جەستەی مرۆڤ دەڕزێت، تەنها “كلێنجە” نەبێت، لە ڕۆژی دواییشدا مرۆڤ هەر لەو كلێنجەوە دروستدەکرێتەوە، لە فەرموودەیەکی تردا حەزرەت "دخ" دەفەرمووێت:

(( إن في الإنسان عظماً لا تأكله الأرض أبداً فيه يركب يوم القيامة. قالوا: أي عظم هو يا رسول الله؟ قال: عجب الذنب )) رواە مسلم

واتا: لە جەستەی مرۆڤدا ئێسکێك هەیە، کە زەوی هەرگیز نایخوات، لە ڕۆژی دواییشدا مرۆڤ هەر لەو كلێنجەوە دروستدەکرێتەوە، هاوڕێیانی حەزرەت "دخ" وتیان: ئەوە چ ئێسکێکە ئەی پێغەمبەری خودا؟!، حەزرەت "دخ" فەرمووی: “كلێنجە”ـیە.

زانایان ئیعجازی پێغەمبەر لە “كلێنجە” پشتڕاست دەکەنەوە
زانایان دووپات لە ڕاستێتی ئەو فەرموودانەی پێغەمبەر "دخ" دەکەنەوە و دەڵێن: لە ناو ئێسكی كلێنجەدا "عجب الذنب"، شریتێكی سەرەتایی هەیە، كە هەموو زانیاریەكانی تێدایە بۆ دروستبوونی منداڵ لە سكی دایك، كە دەیاننێرێت بۆ خانەكانی جەستە، بەمدواییانەش زانایان هەڵسان بە ئەنجامدانی چەندین تاقیکردنەوە لەسەر مادەی بۆماوەیی "DNA"، کە لەناو خانەکانی جەستەی مرۆڤدا هەیە، لە تاقیكردنەوەكاندا چەند بەشێكی ئەم مادەیە خراوەتە ناو بۆڕیەك لە ژوورێكی تایبەت، دواتر زاناکان خستویانەتە ژێر تەقینەوەیەك، كە كاریگەریەكەی ئەوەندە بەهێز بووە، وەكو ئەوەی، كە نەیزەكێكی گەورە بەر زەوی بكەوێت، ئەو تەقینەوانەش لەسەر زەوی ڕوویانداوە لەوەتەی دروستکراوە لەپێش ملیۆنان ساڵ.

بۆیە ئێستا بە پشتبەستن بەو ڕاستییەی زانایان پێیگەیشتوون، دەتوانین بڵێین: هەرچەند "كلێنجە" بخرێتە ژێر فاکتەرە فیزیایی و نەوەوی و کیمیاییەکان، ئەو شریتە سەرەتاییەی لەناویدایە، پارێزگاری لە تایبەتمەندییەکانی خۆی دەکات و گۆڕانی بەسەردا نایەت، ئەمەش خۆی لە خۆیدا دەرکەوتنی موعجیزەیەکی گەورەی پێغەمبەرمان حەزرەتی موحەممەدە "دخ" لە بەرگی ڕاستییەکی زانستی هاوچەرخدا.

جا وەرە تەماشاکە، ئەو كەسانەی پێیانوایە، مرۆڤ دوای مردنی زیندوو نابێتەوە دەڵێن: زیندوو نەبوونەوەکە بەهۆی ئەوەیە، كە مرۆڤ هەموو گیانی دوای مردنی شی دەبێتەوە!، بەڵام ئەوەی ڕاستە و پێغەمبەریشمان "دخ" بەرچاوڕوونی پێداوین لەبارەیەوە، بەشێكی زۆر  بچووك لە بەشی خوارەوەی بڕبڕەی پشت هەیە، كە پێ دەوترێت "ئێسكی كلێنجە"، هەرچەند کاتی بەسەردا بڕوات، هیچ كاریگەرییەکی لەسەر نابێت، بەڵکو پارێزگاری لە تایبەتمەندییەکانی خۆی دەکات و گۆڕانی بەسەردا نایەت!.

إرسال تعليق