Ads (728x90)

"پێبکەنە، دونیا بۆت پێدەکەنێ"
پەندێک هەیە دەڵێت: (پێبکەنە، دونیا بۆت پێدەکەنێ)، ئەوەش ئاماژەیە بۆ سوودەکانی پێکەنین بۆ گەشبینی و بەهێزکردنی وزەی ئیجابی مرۆڤ، بەڵام چەند ڕاستییەک هەن لەسەر پێکەنین، کە لەو بابەتەماندا دەیانخەینەڕوو.

لەوانەیە لەو کاتانەی خۆت پێکەنی بیت هەستت بە سوودەکانی ئەو پێکەنینەت کردبێت، بەڵام توێژینەوە زانستی و پزیشکییەکان ئەو سوودانەی پێکەنین دەسەلمێنن کە خۆت هەستت پێیان کردووە، ڕاستی ئەو پەندەش پشتڕاست دەکەنەوە (پێبکەنە، دونیا بۆت پێدەکەنێ).

لەوبارەیەوە پێگەی (لاخلیرارین)ـی ئەڵمانی چەند ڕاستییەکی سەرسوڕهێنەری لەسەر پێکەنین بڵاوکردووەتەوە:

پوختەی توێژینەوەکان، کە لەلایەن پسپۆڕە دەروونناسەکانەوە ئەنجامدراون، خۆ ناچارکردن بە پێکەنین بەسە بۆ ئەوەی مەزاجت باشتر بێت، تەنانەت ئەگەر مەزاجیشت تەواو نەبێت وا دەکات هەستی ناوەوەت باشتر بێت.

  1. پێدەچێت پێکەنین بەهێزیی کۆئەندامی بەرگری لەش زیاد بکات، دواتریش باشترکردنی تەندروستی گشتی لەش دەستەبەر دەکات.
  2. توێژەرە سویدییەکان لە توێژینەوەیەکدا بۆیان دەرکەوتووە، کە پێکەنین ئامادەکراوە لە مرۆڤ، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە مرۆڤ جووڵە ناکات بۆ دەرخستنی پێکەنین.
  3. پێکەنین هانی جەستە دەدات بۆ دەردانی ماددەی (ئیندۆرفین) کە بەرپرسە لە هەستکردن بە بەختەوەری و کەمکردنەوەی گرژی.
  4. لێکۆڵینەوەیەکی زانستی ئاشکرایکردووە کە پێکەنین ئاسانترە لە گرژکردنی هەردوو برۆیەکان، چونکە پێکەنین ماسوولکەی کەمتر بەکاردەهێنێت بە بەراورد بە تووڕەبوون.
  5. پێکەنین لەسەر ئاستی جیهان بەوە ناسراوە کە نیشانەی بەختەوەرییە، دواتریش مەسافەی نێوان وڵاتان و شارستانییەتە جیاوازەکان نزیکتر دەکاتەوە، چونکە بەختەوەری زمانی هاوبەشی هەموو مرۆڤەکانە.
  6.  پێکەنین 53 ماسوولکە لە ڕووخساری مرۆڤ بەکاردەهێنێت، ئەوەشیان هۆکارێکە بۆ سووتاندنی گەرمۆکەکان و یارمەتیدەر دەبێت بۆ کەمکردنەوەی کێشی لەش و ڕزگاربوون لە چەوری.
 چەند زانیارییەکی دیکە لەسەر پێکەنین و کاردانەوەکانی خۆدەرخستن بە پێکەنین و بزە و خەندەوە:

  • پێکەنین توانایەکە پێشتر بەرنامەی بۆ دانراوە، ئینجا سەرەڕای ئەوەی منداڵەکان زۆربەی هەڵسوکەوتەکان لە چاودێریکردنی دەوروبەر فێر دەبن، بەڵام توانای پێکەنینیان بەبێ فێربوون بۆ دەستەبەر دەبێت.
  • پێکەنین یارمەتیدەرە بۆ بەدەستهێنانی پلەبەرزی، چونکە توێژینەوەکان سەلماندوویانە کە پێکەنین ڕاکێشان و توانای مرۆڤ لەسەر دروستکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ خەڵک و متمانەبوون بە خۆی زیاد دەکات، ئەوەش دەرفەتی پلەبەرزی لە کارەکەیدا زیاد دەکات.
  • پێکەنین جیاکەرەوەترین شتە لەلای مرۆڤ، چونکە دەتواندرێت مرۆڤی پێکەنیوو لە دووری 100 مەتر لە کەسانی دیکە جیا بکرێتەوە.
  • ژنان لە پیاوان زیاتر پێدەکەنن، بەڵام ئەگەر هەردووکیان خاوەنی هەمان ئاستی کۆمەڵایەتی و زانستیی بن، بە هەمان ئەندازەی یەکتر پێدەکەنن.
  • بە گوێرەی زانیاری توێژەران لە زانکۆی (کالیفۆرنیا)ـی ئەمریکی، پێکەنین 19 جۆری هەیە، توێژەرەکان ئەو پێکەنینانەیان دابەشکردووەتە سەر دوو بەش: پێکەنینی کۆمەڵایەتی، کە هاندەرە بۆ ماسوولکەی کەمتر، هەروەها پێکەنینی ڕاستەقینە (پێکەنین لە دڵەوە) کە پێویستی بە بەکارهێنانی ماسوولکەی زیاتر هەیە لە هەردوولای دەموچاو.
  • زۆربەی پزیشکەکان باوەڕیان وایە کە منداڵەکان لە تەمەنی چوار بۆ شەش هەفتەیی دەستدەکەن بە پێکەنینی ڕاستەقینە، بەڵام لە ساتەوەختی لەدایکبوونیانەوە لە کاتی خەوتن پێدەکەنن.

بەو هیوایە پێکەنین ژیانتان جوانتر و گەشاوەتر بکات و، هەرگیز خەم و ناخۆشی و ناڕەحەتی کۆسپ و تەگەرە نەخاتە بەردەم وەدیهاتنی خواست و هیوا و خەونەکانتان.

إرسال تعليق