Ads (728x90)

ببەخشە، چونکە بەخششەکانی خوا لە کەمی نادەن
جارێکیان "بیلالی حەبەشی" تووشی نەخۆشی بوو، پێغەمبەریش "دخ" سەردانیکرد و بەسەریکردەوە، "بیلالی حەبەشی" چەنگێک خورمای بۆ دەرهێنا بیداتێ، پێغەمبەر "دخ" پێیفەرموو: ئەوە چییە ئەی بیلال؟!.

"بیلالی حەبەشی" بە پێغەمبەری وت "دخ": ئەوە بۆ تۆم هەڵگرتبوو ئەی پێغەمبەری خوا، پێغەمبەر "دخ" فەرمووی: "لەوە ناترسێی بۆت بکرێت بە هەڵمێک لەناو ئاگری دۆزەخدا ؟!، ئەی بیلال ببەخشە و ترست لەوە نەبێت بەخشینی خوای گەورە لە کەمی بدات".

پێغەمبەر "دخ" ویستی ئامۆژگاری "بیلالی حەبەشی" و هاوڕێکانی و ئێمەش بکات و پێمان بڵێت، کە باوەڕمان بەوە بەهێز بێت کە لەبری ئەوەی شتەکانمان پاشەکەوت بکەین و هەڵبگرین، پێویستە ببەخشین و هاوکاری خەڵکی هەژار و بێدەرەتان و لێقەوماوی پێبکەین، چونکە بەوە نەک هەر ماڵ و سەروەت و سامان و پارە و پوولمان لە کەمی نادات، بەڵکو خوای گەورەش زیاتر بەسەرمان دەکاتەوە و بە بەردەوامیدان بە ناز و نیعمەتەکانی دڵخۆشمان دەکات.

 بەڵام داخی گرانمان، کە خەڵکێکی زۆر کەم نەبێ ئەگینا هەموو مرۆڤەکان ئەو ئامۆژگارییە گرانبەهایەی پێغەمبەریان "دخ" پشتگوێخستووە، ئەوەش بەرهەمەکەیە کە دەیبینین، کە پارە و پوول و سەروەت و سامان کۆمەڵگای دابەشکردووەتە سەر چەند چینێک و کەس باکی بە کەس نییە و کەسیش لە خەمی هەژاران و لێقەوماوان و بێدەرەتاناندا نییە، ئەوجا هەر دەبێ بڵێین ئاخیری خێر بی!.

إرسال تعليق