Ads (728x90)

مزگەوتی دێرینی "سەلیمی یەکەم" لە ئیستەنبۆل
مزگەوتی "سەلیمی یەکەم" مزگەوتێکی تورکی سەردەمی عوسمانییەکانە، کە کەوتۆتە سەر لووتکەی بەرزاییەک لە شاری ئیستەنبۆلی تورکی و دەڕوانێتە سەر ناوچەی "سەدەی زێڕین"، بەهۆی قەبارە و پێگە جوگرافییە تایبەتەکەشی بە یەکێک لە شاکارە سەرەکییەکانی شاری ئیستەنبۆل دەژمێردرێت.

مزگەوتی "سەلیمی یەکەم" بە دووەم کۆنترین مزگەوتی عوسمانی شاهانە دادەنرێت لە شاری ئیستەنبۆل، ئەوەش بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی لە فەرهەنگی "ویکیپیدیا" باسکراون، مزگەوتەکەش بە فەرمانی (سوڵتان سولێمان قانونی) بنیاتنراوە وەکو زیندووکردنەوەی یادەوەری باوکی (سوڵتان سەلیمی یەکەم) کە لە ساڵی 1520ـی زایینی کۆچی دوایی کردووە.

لە ساڵی 1527ـی زایینی کۆتاییهات بە بنیاتنانی مزگەوتەکە، باوەڕیش وایە کە ئەندازیاری بیناسازی بەناوبانگ (سینان ئاغا) بەشداریکردووە لە بنیاتنانیدا، بەڵام بەڵگەیەکی نووسراو لە بەر دەستدا نییە لەسەر ئەوە، چونکە مزگەوتەکە زۆر کۆنە، بەڵام ئەوەی جێی گومان نییە ئەوەیە کە یەکێک لە پایەکانی دەرەوەی مزگەوتەکە لەلایەن (سینان ئاغا)ـەوە دروستکراوە.

نەخشەسازی ناوەوەی مزگەوتی "سەلیمی یەکەم" لە ژوورێکی شێوە چوارگۆشەیی و بە پێکهاتەیەکی سادە دروستکراوە، کە درێژی هەر لایەکی بریتییە لە 24.5 مەتر، ئەو ژوورەش بە گومبەزێک داپۆشراوە کە بەرزییەکەی دەگاتە 32.5 مەتر.

گومبەزەکە شێوەیەکی خڕی وەرنەگرتووە، بەڵکو نیمچە تەختە، پەنجەرەکانی مزگەوتەکەش بە خشت ڕازێنراونەتەوە، لە پشت مزگەوتەکەش باخچەیەک هەیە کە گڵکۆی (سوڵتان سەلیمی یەکەم)ـی تێدایە، ئەو باخچەیەش دەڕوانێتە سەر ناوچەی "سەدەی زێڕین" لە شاری ئیستەنبۆل.

إرسال تعليق