Ads (728x90)

ئامۆژگاری بۆ ئەو کەسانەی بەهۆی نووستن نوێژی بەیانی دەفەوتێنن
ئەو کەسانەی بەهۆی نووستن نوێژی بەیانی دەفەوتێنن، کاتێکیش بە خەبەر دێن دەبینن دونیا ڕووناک بووەتەوە و ڕۆژ هەڵاتووە، با سەرەتا نوێژی سوننەتی پێش نوێژی بەیانی بکەن ئینجا نوێژی فەڕزی بەیانی قەزا بکەنەوە.

ئەو ڕوونکردنەوەیەش لە ڕێنووێنییەکی پێغەمبەری خۆشەویست "دخ" وەردەگرین، کە دەفەرمووێت: "مَنْ نَسِيَ صَلَاةً أَوْ نَامَ عَنْهَا فَكَفَّارَتُهَا أَنْ يُصَلِّيَهَا إِذَا ذَكَرَهَا"، واتا "ئەگەر کەسێک لە بیری چوو نوێژ بکات یان لە کاتی نوێژکردندا نووستبوو، کەفارەتەکەی (قەرەبووکردنەوەی لەدەستدانەکەی) ئەوەیە ئەگەر بە بیری هاتەوە نوێژەکە بکات".

هەروەکو زانایان ئاماژەیان کردووە بۆ ئەوەی کە پێغەمبەری خۆشەویست "دخ" پاساوی داوەتە ئەو کەسانەی خەو دەیانباتەوە چ سروشتیان ئاوا بێت یان بەهۆی ماندووێتییەوە بێت، ئەوەش لە چیرۆکی فەرموودەی (صفوان بن المعطل)ـدا هاتووە کە بە پێغەمبەریان وتووە "دخ": (ئێمە لە ماڵێکدا دەژین، کە خەڵک دەزانن ئەگەر نووستین تا کاتی خۆرهەڵاتن بە خەبەر نایێین)، پێغەمبەریش "دخ" پێیفەرموو: (ئەگەر بە خەبەر هاتی و هەستایەوە، نوێژەکەی خۆت بکە).

ئەوەشی کە دروستەکەیە لە قەزاکردنەوەی نوێژدا ئەوەیە، کە نوێژە سوننەتەکانیشی لەگەڵ بکاتەوە بە هەمان ئەو ڕیزبەندییەی کە هەیە، بەوەی سەرەتا نوێژە سوننەتەکانی پێش نوێژە فەڕزەکە بکات، ئەگەریش نوێژە فەڕزەکە نوێژی سوننەتیشی لە پاشدا هەبوو، با نوێژە سوننەتەکانی پاش نوێژە فەڕزەکەش بکاتەوە، ئەوەش لە پێغەمبەری خۆشەویست "دخ" هاتووە و سەلمێنراوە.

إرسال تعليق