Ads (728x90)

پێگەی ڕەسمی یانەی ریال مەدرید بڵاویکردەوە، ڕاهێنەری ئیسپانی "ڕافا بینیتێز"، بۆ ماوەی سێ ساڵ و تا کۆتایی ساڵی 2018 لە پۆستی راهێنەرایەتی یانەی ریاڵ مەدرید دەستبەرکار دەبێت.

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆش لەناو یاریگای "سانتیاگۆ بێرنابیۆ" و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، "ڕافا بینیتێز" بە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و مەدریدیستاکان ناسێنرا، ئەوەش پاش ئیمزاکردنی گرێبەستی نێوان نابراو و یانەی ریاڵ مەدرید.

ئەو وەرزە یانەی ریاڵ مەدرید بە سەرکردایەتی ڕاهێنەری ئیتاڵی "کارلۆ ئەنچیلۆتی" نەیتوانی هیچ نازناوێک بەدەستبهێنێت، ئەوەش بۆ یانەیەکی وەکو ڕیال مەدرید زۆر قوڕسە بە دەستبەتاڵی لە کێبڕکێکان بێتە دەرەوە، هەر بۆیە بڕیاری دوورخستنەوەی درا.

پێگەی فەرمی یانەی ریاڵ مەدرید ئاماژەی بەوە کردووە، یانەی ڕیال مەدرید خوازیارە "ڕافا بینیتێز" نازناوەکان بۆ ریاڵ بگەڕێنێتەوە و یانەکە بخاتەوە سەر ڕێچکەی سەرکەوتنەکان و سەکۆی بەدەستهێنانی جامەکان، لای خۆشیەوە "ڕافائیل بینیتێز" پێشتر دووپاتی کردبوەوە لەوەی کە خۆشحاڵە بە گەڕانەوەی بۆ خولی ئیسپانیا.

یەکەم وێستگەی کاری ڕاهێنەرایەتی "ڕافا بینیتێز" لەناو ماڵی یانە مەدریدیەکە بووە، بە دیاریکراویش لە تیپی لاوانی یانەکە، بۆیە پێدەچێت پەیوەندیکردنی ناوبراو بۆ مەشقدانەوە تیپی یەکەمی یانەکە هەنگاوێکی گرنگ بێت هەم بۆ یانەی ڕیال مەدرید هەم بۆ خودی "ڕافائیل بینیتێز".

شایەنی وتنە، پێشتر "ڕافا بینیتێز" لەگەڵ هەریەک لە یانەکانی ڤالێنسیای ئیسپانی و لیڤەرپولی ئینگلیزی و ئینتەر میلانی ئیتاڵی و چێلسی ئینگلیزی و ناپۆلی ئیتاڵی وەکو ڕاهێنەر کاری کردووە، لەو ماوەیەشدا نازناوەکانی خولی ئیسپانی و چامپیۆنزلیگ و یۆرۆپالیگ و جامی ئیتاڵیای بەدەستهێناوە.

إرسال تعليق