Ads (728x90)

بۆچی لە کاتی خوێندنی (تەحیات)ـدا ناوی پێغەمبەر ئیبراهیم دێنین؟
گەورە زانای ئیسلام (بدر الدين العيني) لە شەرحی خۆی لەسەر کتێبی (سنن أبي داود) ڕوونکردنەوەیەکی داوە لەسەر حیکمەتی ناوهێنانی پێغەمبەر ئیبراهیم (سڵاوی خوای لەسەر بێ) لە کاتی خوێندنی (تەحیات) لە نوێژدا.

ناوبراو دەڵێت: ئەگەر وترا، بۆچی پێغەمبەر ئیبراهیم (سڵاوی خوای لەسەر بێ) لەناو هەموو پێغەمبەرانی دیکە (سڵاوی خوایان لەسەر بێ) تایبەتکراوە بە ناوهێنان لە کاتی خوێندنی (تەحیات) لە نوێژدا؟، ئەوە لە وەڵامەکەیدا دەڵێم: چونکە پێغەمبەری خۆشەویستمان حەزرەتی موحەممەد (دخ) لە شەوی ئیسڕا و میعراجدا چاوی بە هەموو پێغەمبەران کەوت (سڵاوی خوایان لەسەر بێ)، و سڵاوی لە هەموویان کرد، بەڵام بەس پێغەمبەر ئیبراهیم (سڵاوی خوای لەسەر بێ) سەلامی نارد لە ئۆمەتی موحەممەد (دخ)، ئەوانی دیکە سەلامیان نەنارد.

هەر بۆیە حەزرەتی موحەممەد (دخ) فەرمانی پێکردووین لە کۆتایی هەر نوێژێکماندا لە (تەحیات)ـدا تا ڕۆژی دوایی ناوی پێغەمبەر ئیبراهیم (سڵاوی خوای لەسەر بێ) بهێنین.

دەشوترێت، کە کاتێک پێغەمبەر ئیبراهیم (سڵاوی خوای لەسەر بێ) کۆتاییهێنا بە بنیاتنانی کەعبەی پیرۆز، لە خوای گەورە پاڕایەوە و وتی: خوایە، هەر کەسێک لە ئۆممەتی موحەممەد حەجی ئەو ماڵەی کرد سڵاوی منی پێبگەیەنە، هەروەها داوای لە خێزان و منداڵەکانیشی کرد ئەو دوعایە بکەن، بۆیە وەکو وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەو چاکەیە فەرمان پێکراوە کە لە نوێژەکانماندا ناوی بهێنین.

خوای گەورەش زاناتر و بەرزترە.

إرسال تعليق