Ads (728x90)

ڕەمەزانتان پیرۆز و ژیانتان لێوانلێو لە لوتفی خوای بەسۆز
بەبۆنەی هاتنەوەی مانگی ڕەمەزانی پیرۆزەوە، ماڵپەڕی "قەڵەم پرێس" پیرۆزبایی گەرم پێشکەش بە هەموو موسڵمانان دەکات لە سەرتاسەری جیهان بە گشتی و موسڵمانانی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی، هیواداریشین ئەو وەرزە ئایینیە گرنگە ببێتە دەستپێکی تەمەنێکی نوێی درەوشاوە لە ژیانی هەر ڕۆژووەوانێك، کە ئاسوودەیی دین و دونیای بۆ بەدەستبهێنێت.

جیهانی ئیسلامی لە ساتەوەختێکی زۆر دژوار و هەستیاردا پێشوازی لەو مانگە پیرۆزە دەکات، کە خوێنڕشتن و ستەمکاری و نادادگەری هەمەلایەنە باڵیکێشاوە بەسەر ژیانی تاکەکان لە زۆربەی وڵاتان، کە بەهۆیەوە موسڵمانان جۆرەها ئازار و ناڕەحەتی دەبینن، بۆیە وەکو ئەرکێکی ئایینی و ئینسانی و ئەخلاقی پێویستە لەسەرمان، بەوپەڕی پەرۆشییەوە لە خوای گەورە بپاڕێینەوە، کە ئەو هەلومەرجە سەختانەمان بۆ تێبپەڕێنێت، و خێر و خۆشی ببێتەوە چەتری ئاسوودەیی بەسەر هەموو گەلانی ناوچەکە.

موسڵمانانی خۆشەویست، مایەی هەستکردن بەوپەڕی کامەرانییە، کە خۆمان لە بەردەم دەرفەتێکی ڕاستەقینەدا ببینینەوە بۆ بەخۆداچوونەوە و خۆپاککردنەوە و نووسینەوەی تۆمارێکی جوانتر لە کار و کردەوەی باش، بۆیە ئەو کاتە خۆشییەکەمان گەورەتر دەبێت کە بە کردار پەرۆشی خۆمان بۆ ڕێزگرتن لەو مێوانە خواییە پیشانبدەین، بێگومانیش بە پەرستشەکان دەتوانین جوانترین وێنەی ڕێزگرتن لەو مانگە پیرۆزە پێشکەش بکەین.

وێڕای دووپاتکردنەوەمان لەسەر هەستی هاوسۆزانەمان لەگەڵ لێقەوماوان و بێدەرەتانان و خەفەتباران، لە خوای کردگار نزا دەکەین کە ڕۆژوو و تاعەت و عیبادەتەکانتان قەبول بکات، ڕەمەزانتان پیرۆز و ژیانتان پڕ بێت لە لوتفی خوای بەسۆز، هەموو کاتێکیشتان خێر و خۆشی و شادومانی بێت.

ماڵپەڕی قەڵەم پرێس ـ هەولێر/ 17/6/2015

إرسال تعليق