Ads (728x90)

سوودە تەندروستییەکانی سەرکەوتن بەسەر پەیژەدا
سەرکەوتن بەسەر پەیژە لە چالاکییە وەرزشییە گرنگەکان دادەنرێت، کە لە ژیانی ئێستاماندا بەهۆی زۆر بەکارهێنانی مەسعەدەوە پشتگوێخراوە، بەڵام پسپۆڕان چەندین سوودی تەندروستی گرنگیان بەستووەتەوە بە سەرکەوتن بەسەر پەیژەدا، کە لەوانەیە بڕیار بدەیت بۆ لەمەودوا جارێکی دیکە مەسعەد بەکارنەهێنیت و بەسەر پەیژەدا سەربکەوی.

لەوبارەیەوە شارەزایان دەڵێن، سەرکەوتن بەسەر 400 پەیژە، هەمان کاریگەری هەیە کە لە ڕۆیشتن بە پێ بۆ ماوەی 15 خولەک دەستدەکەوێت، هەروەکو سەرکەوتن بەسەر پەیژە بە ڕاهێنانێکی زۆر باش دادەنرێت بۆ هەناسەدان و سوڕی خوێن و کارکردنی دڵ، ماسوولکەکانی هەردوو قاچ و ڕانەکانیش چالاک دەکات.

سەرکەوتن بەسەر پەیژە زۆر بەسوودە بۆ ئەو کەسانەی بەدوای ڕێکی لەش و دابەزاندنی کێشی جەستەدا دەگەڕێن، چونکە یارمەتیدەرە بۆ سووتاندنی چەوری و ڕزگاربوون لە کەڵەکەبوونی چەوری لە ژێر پێستدا، کە ئەوەیان بە شێوەیەکی تایبەت ژنان هەراسان دەکات.

بە گوێرەی پێگەی ئەلیکتڕۆنی (بیسر گیزۆند لیبین)ـی ئەڵمانی، پسپۆڕان سەرنجیان داوە لەوەی کە سەرکەوتن بەسەر پەیژەدا بووەتە هۆکاری باشتربوونی کارکردنی دڵ و فراوانبوونی سییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو، هەروەها سەرکەوتن بەسەر پەیژە مەترسییەکانی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و شەکرە کەمدەکاتەوە، بێجگە لەوەش کە جەستە دەپارێزێت لە هەندێک جۆری شێرپەنجە و دابەزاندنی ڕێژەی چەوری لەناو خوێندا.

بە گوێرەی تۆڕی تەلەفزیۆنی (BR)ـی ئەڵمانی، پزیشکەکان ئامۆژگاریان داوە کە سەرکەوتن بەسەر پەیژە بخرێتە چوارچێوەی ئەو وەرزشانەی کە هۆکارن بۆ خۆپاراستن لە بەردی گورچیلە، چونکە ڕۆیشتن و جووڵەکردن لە کاتی هەنگاونان بەسەر پەیژەدا، یارمەتیدەرە بۆ دەرچوونی بەردە بچووکەکانی ناو جەستە.

بەڵام سەبارەت بەو پرسیارەی ئایا سەرکەوتن یان دابەزین بەسەر پەیژەدا باشترە بۆ تەندروستی؟!، پسپۆڕان دەڵێن: هەردووکیان ماسوولکە جیاوازەکانی جەستە دەخەنە جووڵەوە، بۆیە باشتر وایە لە پێناو بەدەستهێنانی زۆرترین سوودی تەندروستی، هەردووکیان بەکاربهێنرێن.

إرسال تعليق