Ads (728x90)

ئەوعیبادەتەی خوا سنووری بۆ دانەناوە
هەموو عیبادەتێک خوای گەورە سنوور و چوارچێوە و ئەندازەیەکی دیاریکراوی بۆ دانراوە، کە لەوێدا عیبادەتەکە کۆتایی پێدێت، بە تەنیا زیکری خوای گەورە نەبێت، چونکە زیکری خوای تەعالا ڕەهەندێکی ڕەهای وەرگرتووە و خاڵی کۆتاییهاتنی بۆ دانەنراوە.

بۆ بەرچاوڕوونی زیاتر لەسەر ئەوەی لە سەرەوە باسمانکرد، بۆ نموونە دەڵێین: خوای گەورە واجبە سەرەکییەکانی لەسەرمان فەڕز کردووە، کە هەر کەسێک ئەدایان بکات ئەوە سنوورەکەیەتی، ئەوە مانگی ڕەمەزانی پیرۆز دێت و بەڕۆژووبوونی فەڕزکراوە لە سەرمان، هەر کەسێک بەڕۆژوو بوو تێیدا ئەوە سنوورەکەیەتی، حەجیش هەروایە، هەر کەسێک واجبی حەجی بەجێهێنا ئەوە سنوورەکەیەتی، نوێژکردن و زەکاتیش هەر بەمشێوەیە.

تەنیا زیکری خوای گەورە سنووری نییە، چونکە خوای گەورە بە زیکری کەم ڕازی نەبووە و سنوورێکی بۆ دانەناوە، ئەوەتا خوای تەعالا لە قوڕئانی پیرۆز بانگمان دەکات و داوامان لێدەکات: "يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا اذْكُرُوا اللَّهَ ذِكْرًا كَثِيرًا * وَسَبِّحُوهُ بُكْرَةً وَأَصِيلًا"، واتا: "ئه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی ئیمان و باوه‌ڕتان هێناوه، زۆر زۆر زیکری خوا بکه‌ن ـ هه‌میشه ناوی پیرۆزی ئه‌وتان له‌یاد بێ له دڵ و ده‌روونتان جۆش بخوا و بێته سه‌ر زارتان ـ هەروەها ته‌سبیحات و ستایشی بکه‌ن له به‌یانیان و ده‌مه‌و ئێواراندا ـ".

بەو هیوایەی زیکری خوای گەورە ببێتە هاوڕێ و هاودەمی هەمیشەیی سەرزارتان، تا لە دونیا و ئاخیرەتدا سەربەرزی و سەرفرازی و سەروەریتان پێببەخشێت و ڕەزامەندی خوای گەورەتان بۆ بەدەستبهێنێت.

إرسال تعليق