Ads (728x90)

دەرکەوتنی نیشانەیەکی نوێ لە نیشانەکانی ڕۆژی دوایی
زانایانی ئیسلام بە خوێندنەوەیان بۆ واقیعی ئێستا و بەراوردکردنی بە ئاماژەکانی فەرموودە جیاجیاکانی پێغەمبەر "دخ"، نیشانەیەکی نوێ لە نیشانە بچووکەکانی ڕۆژی دوایی ئاشکرا دەکەن.

بڵاوبوونەوەی بازرگانی و زۆربوونی ئەو کەسانەی سەرقاڵی کاری بازرگانین، هەروەها یارمەتیدانی ئافرەت بۆ مێردەکەی لە ڕاییکردنی کاروبارەکانی و دابینکردنی بژێوی ژیان، یەکێکە لە نیشانە بچووکەکانی ڕۆژی دوایی کە لە سەردەمی ئێستاماندا دەرکەوتووە.

زانایانی ئیسلام لەوبارەیەوە دەڵێن: بڵاوبوونەوەی بازرگانی و یارمەتیدانی ئافرەت بۆ مێردەکەی لە ڕاییکردنی کاروبارەکانی و دابینکردنی بژێوی ژیان، لەو شتانەیە کە حەڵاڵە و حەڕام نییە و ناچێتە چوارچێوەی تاوان و گوناهەوە، بەڵگەش بەو فەرموودەیەی پێغەمبەر "دخ" دەهێننەوە کە دەفەرمووێت: "إنَّ بَيْنَ يَدَيِ السَّاعَةِ تَسْلِيمَ الْخَاصَّةِ وَفُشُوَّ التِّجَارَةِ حَتَّى تُعِينَ الْمَرْأَةُ زَوْجَهَا عَلَى التِّجَارَةِ وَقَطْعَ الْأَرْحَامِ وَشَهَادَةَ الزُّورِ وَكِتْمَانَ شَهَادَةِ الْحَقِّ وَظُهُورَ الْقَلَمِ"، واتا "لەگەڵ نزیکبوونەوەی ڕۆژی دوایی ئەو شتانە ڕوودەدەن: تایبەتکردنی سڵاوکردن، بەوەی بچیتە ناو کۆمەڵێک خەڵک و لەناو هەموویان بە کەسێک بڵێی سڵاوت لێبێ و ئەوانی دیکە پشتگۆ بخەی، هەروەها بڵاوبوونەوەی بازرگانی تا وای لێدێت ژن یارمەتی پیاوەکەی دەدات لە کاری بازرگانیدا، هەروەها پچڕاندنی پەیوەندییەکانی خزمایەتی، هەروەها شایەتیدانی بە درۆ و شاردنەوەی شایەتی ڕاست، هەروەها بڵاوبوونەوەی کەسانی قەڵەم بە دەست لەناو خەڵک".

زانایانی ئیسلام ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن کە لە کۆندا تەنها کەسانی گەورە و سەرۆک عەشیرەتەکان و دەوڵەمەندەکان کاری بازرگانیان دەکرد، بەڵام لە سەردەمی ئێستاماندا شوێنە بازرگانییەکان بڵاوبوونەتەوە و کڕین و فرۆشتن لەناو خەڵکدا بووەتە شتێکی بەربڵاو.

إرسال تعليق