Ads (728x90)

پشووی هاوینە و چێژ وەرگرتن لە بە فیڕۆدانی کات!
لەگەڵ هاتنەوەی وەرزێکی نوێ لە ماوەی پشوو و حەسانەوەی هاوینە، جارێکی دیکە ئەو پرسیارە لۆژیکییە سەردەردێنێتەوە، کە ئایا پشووی هاوینە دەرفەتە بۆ وەبەرهێنان لە کاتدا، یان بێئاگاییە لە بەفیڕۆدانی کات؟!، ئەوە زیاتر لە پرسیارێکە و پێویستە بە بەرپرسیارانەوە هەڵوێستەی لە ئاستدا بکەین.

بەفیڕۆدانی کات لە هەموو ڕۆژانی ساڵدا هەستی پێدەکرێت، بەڵام لەگەڵ هاتنی پشووی هاوینەدا ڕوونتر دەردەکەوێت، لەناو خەڵکیش بووەتە شتێکی باو کە وەرزی هاوین وەرزی پشوو و حەسانەوەیە، لە کاتێکدا چوار مانگ درێژە دەکێشێت و سێیەکی تەمەنی گرانبەهای ساڵێکی خۆیان لە بێکاری و بێئاگایی بەسەر دەبەن!.

ئێمە کە موسڵمانین دەبێ هەست بەو بەرپرسیارێتییە بکەین، کە هەر چرکەساتێک لە تەمەنمان بڕوات، لە ڕۆژی دوایی لێپرسینەوەمان لەسەری لەگەڵدا دەکرێت، دەبێ بشزانی کە ئەوە سوودت پێناگەیەنێت لەو ڕۆژەدا بڵێی لە حەسانەوە و پشوودا بووم!.

ئەو تێڕوانینەمان ئەو ناگەیەنێت کە خۆمان لە حەسانەوە و پشوودان قەدەغە بکەین، نەخێر، بەڵکو مەبەستمانە ڕوونی بکەینەوە خوای گەورە ئەندازە و سنوور و چوارچێوەی بۆ هەموو شتێک داناوە، مەبەستیش لە حەسانەوە و پشوودان ئەوە نییە چێژ لە بەفیڕۆدانی کات وەربگری، بەڵکو ئامانج لێی ئەوەیە بتوانین لە بە کەڵکترین شتدا سوودیان لێوەربگرین.

ئێمەی ئیماندار دەبێ بزانین بە درێژایی ڕۆژانی ساڵێک لە تەمەن نەمانتوانیووە هەندێک ئەرکی ئایینی سەرشانمان وەکو پێویست جێبەجێبکەین، بۆیە ڕۆژە دوور و درێژەکانی وەرزی هاوین باشترین دەرفەتن بۆ ڕاگەیشتنەوە بە شەمەندەفەری خێرا گوزەرکردووی تەمەنمان و قەرەبووکردنەوەی کاتە لەدەستچووەکانمان.

با بیریشمان نەچێت کە وەرزی هاوین لای زۆرێک لە خەڵک بووەتە وەرزی دەستبڵاوی و بەفیڕۆدانی پارە و پوول لە ئارەزووەکانیان!، بەوەی پارەکانیان لە خواردن و خواردنەوە و گەشت و سەیران و یاری و تاد.. خەرج دەکەن!، زۆر خەڵکیش هەیە بە درێژایی ساڵ پارە لە خۆی و ماڵ و منداڵی دەگرێتەوە و بۆ ئەو وەرزە هەڵیدەگرێت بۆ ئەوەی کە هاوین هات لەو شتە سادانەدا بەفیڕۆیان بدات!.

خەڵکانێکیش هەن چەمکی حەسانەوە و پشوودان فراوانتر دەکەن، بەوەی تەمبەڵ دەبن لە بەجێهێنانی تاعەت و عیبادەت، نوێژەکانیشیان دوادەخەن یان وازیان لێدێنن!، ئەوان هەمان ئەو کەسانەن کە بە درێژایی ساڵ بە بیانووی کارکردن و خوێندن ناچنە نوێژی بە کۆمەڵ لە مزگەوتەکان و بۆنە ئایینی و کۆمەڵایەتی و کارە مرۆییەکان!، ئەی لە ڕۆژانی پشووی هاوینەدا چ بیانووێکیان بە دەستەوە دەمێنێ بۆ دوورکەوتنەوەیان لە نوێژ و مزگەوت و جەماعەت؟!.

زۆر شتی دیکە هەیە لەسەری بنووسم دەربارەی پشووی هاوینە، بەڵام ئەوەی لە سەرەوە ئاماژەیانم بۆ کرد گرنگترین شت بوون کە هەڵوێستەیان لەسەر بکەین و لێیان ورد ببینەوە، بەو هیوایەی بیرهێنەوەیەک بێت بۆ هەموو لایەک و هاندەرێکیش بێت بۆ بەخۆداچوونەوەمان.

نووسینی: بەڕێوبەری ماڵپەڕی قەڵەم پرێس

إرسال تعليق