لە یاری کۆتایی جامی جیهانی یانەکان، کە لەسەر “یاریگای گەورەی مەڕاکش” لە مەڕاکشی پایتەختی وڵاتی مەغریب بەڕێوەچوو، هەردوو یانەی ڕیال مەدریدی ئیسپانی (پاڵەوانی ئەوروپا) و یانەی سانلۆرێنزۆی ئەرجەنتینی (پاڵەوانی جامی لیبەرتادۆرس) بە یەکگەیشتن.
یارییەکە هەر لە سەرەتای گێمی یەکەمەوە، یانەی شاهانە بە پلانی کۆنتڕۆڵکردنی یاریگا و نزیکبوونەوە لە گۆڵی یانە ئەرجەنتینییەکە دەستیپێکرد، بەڵام ئەستێرەکانی کەتیبەکەی (کارلۆ ئەنشیلۆتی) ڕووبەڕووی بەربەستی سەختی یاریزانانی یانەکەی وڵاتی تانگۆ بوونەوە و نەیاندەتوانی ئاستبەرزی خۆیان پیشان بدەن، چونکە ڕووبەڕووی زبرییەکی زۆردەبوونەوە.
تا لە لێدانێکی جێگیردا و لە خولەکی 37ـی یارییەکەدا، دڵی شێری یانەی شاهانە و بەرگریکارە گۆڵکارەکە “سێرجیۆ ڕامۆس” توانی لەمپەری سەختییەکانی هاوڕێیانی بشکێنێت و گۆڵی یەکەم تۆمار بکات، گێمی یەکەمیش بەو تاکە گۆڵە کۆتاییهات.
لە سەرەتاکانی گێمی دووەم و لە خولەکی 51ـدا، ئەستێرەی وێڵزی ئاستبەرز “گاریس بەیڵ” دووەم گۆڵی یانەی شاهانەی تۆمار کرد و دڵنیایی بە تیپەکەی بەخشی، یارییەکەش بە ئەنجامی 2-0 کۆتاییهات و ڕیال مەدرید چوارەم نازناوی لە ساڵی 2014 بەدەستهێنا.
شایەنی باسە، دڵی شێری یانەی شاهانە و بەرگریکارە گۆڵکارەکە “سێرجیۆ ڕامۆس” بە باشترین یاریزانی مۆندیالی یانەکان دەستنیشانکرا، هەروەکو تیپی ئێستای یانەی ڕیال مەدرید بە مێژووییترین تیپ دانرا، کە لە یەك وەرزدا بتوانێت لە کۆی 6 پاڵەوانێتی، 4ـیان بەدەستبهێنێت.
إرسال تعليق