Ads (728x90)

پەیامی ماڵپەڕی قەڵەم پرێس بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێی ٢٠١٥ـەوە
بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێی زایینی ٢٠١٥ـەوە، ماڵپەڕی قەڵەم پرێس هیوای ساڵێکی پڕ لە خێر و خۆشی و ئاسوودەیی و ئۆقرەیی بۆ هەموو خۆشەویستانی دەخوازێت، بەو هیوایەی ساتە ڕەنگاڵەییەکانی ژیان سێبەر بەسەر ماوەکانی ئەو تەمەنە تازەیەمان بکەن.

لە ڕاگەیەنراوێکی ماڵپەڕی قەڵەم پرێس بەو بۆنەیەوە هاتووە، لە ساڵی ٢٠١٤ـدا، نەهامەتی و ناخۆشی و ناڕەحەتی و ناسۆری زۆر و جۆراوجۆرمان بینی، دەردەسەری و دەربەدەری و دەردی هەمەچەشن سایەیان کرد بوو بەسەر ژیانی مرۆڤایەتی لە هەموو ناوچەکە بە گشتی، قوربانیانی دەرهاوێشتەی قەیرانە دژوارەکانیش گەلێك زۆر بوون، بۆیە خوازیارین و نزا دەکەین لە پەروەردگاری گەورەمان، کە شوێنەواری تراژیدیاکانی ساڵی ڕابردوومان بۆ بسڕێتەوە، ئەو ساڵە تازەیەشمان بە خۆشی و ئاسوودەیی و ئارامی بۆ بڕازێنێتەوە.

لە بەشێکی دیکەی پەیامی ماڵپەڕی قەڵەم پرێس بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێی زایینی ٢٠١٥ـەوە هەڵوەستەکراوە لەسەر ئەوەی، کە تێپەڕبوون و تەواوبوونی ساڵێك لە تەمەن، پێویستە مرۆڤ بوەستێنێت و بیخاتە بەردەم پرسیارگەلی لۆژیکییانەی ڕاستەقینەوە، تەنانەت بیگریێنێت، چونکە لە ڕاستیدا لەدەستدانی ساڵێك لە تەمەن، بە واتای لەدەستدانی پارچەیەکی گرنگە لە کۆی تەمەنی مرۆڤ، بۆیە با لەبری ئاهەنگگێڕان، پێداچوونەوە بە ڕابردووی ساڵێك لە تەمەنی ڕۆیشتوو بکەین و، پلان و هەنگاوی باش بۆ ساڵی نوێ و داهاتووێکی پڕشنگدار لە دین و دونیامان دابنێین.

ماڵپەڕی قەڵەم پرێس بە پێویستیشی دەزانێت، کە ئەو هەقیقەتە بە بیری موسڵمانان لە هەرێمی کوردستان بێنێتەوە، کە هۆشیارانە و دڵسۆزانە ئەگەر و ئاراستە و پێشهاتی ڕووداوەکان لەبەرچاو بگرن و، لەپاڵ بەجێگەیاندنی ئەرکە ئایینیەکانیان، خەمخۆر و پارێزەری سەروەری خاك و نیشتمان بن، کە لە بەردەم پیلانگێڕییەکی دەستەجەمعی گەورەی ناحەزان و دوژمنانی دایە و مەترسی ڕاستەقینە لەسەر داهاتووی ژیانی هەموو لایەکمان هەیە، بۆیە دەبێت ئەوە ببێتە هاندەر و بەهێزکەری هەستی نیشتیمانپەروەری و نەتەوایەتیمان، بۆ ئەوەی کوردستانەکەمان پارێزراو و گەشەپێدراو و ئاوەدان بێت و ئایندەی ڕۆڵە و نەوەکانمان گەشاوە بێت.

جارێکی دیکە هیوای ساڵێکی پڕ لە خێر و خۆشی و ئاسوودەیی و ئۆقرەیی بۆ هەموو لایەك دەکەین، هەروەکو داواکارین لە خودای پەروەردگار ناخۆشی و ناڕەحەتی و ناسۆر و ناجۆری ڕووتان لێنەکات، ئەمساڵیش ببێتە ساڵی هاتنەدی خەون و خولیا و ئارەزووەکانتان.

ماڵپەڕی قەڵەم پرێس ـ هەولێر ـ ٣١ / ١٢ / ٢٠١٤

إرسال تعليق