Ads (728x90)

موژدەی پێبدە، هاوڕێی منە لە بەهەشت
زانای بەناوبانگی ئیسلام (شێخ موحەممەد ڕاتب ئەلنابلسی)، چیڕۆکێکی ڕاستەقینە دەگێڕێتەوە، کە مێژووەکەی زۆر کۆنە.

ئەو زانا بەڕێزە دەڵێت: لەلای ئێمە لە شام، گەڕەکێك هەیە بەناوی (بازاڕی ساروجە)، کە مزگەوتێکی بەناوبانگی تێدایە بەناوی (مزگەوتی ئەلوەرد).

پێشنوێژکار و وتارخوێنی مزگەوتەکە، پێغەمبەر (دخ) لە خەودا دەبینێت، حەزرەت (دخ) پێی دەفەرمووێت: ((بە فڵان هاوسێیەت بڵێ، ئەو هاوڕێی منە لە بەهەشت)).

جیرانەکە میوەفرۆشە، بۆیە مامۆستاکە تووشی جۆرێك لە سەرسوڕمانی و دوودڵی دەبێت لەو ڕووەوە، بەڵام هەر چۆنێك بێت بەیانییەکەی زوو ڕوو دەکاتە ماڵی هاوسێکەی، کاتێك لە دەرگا دەدات، میوەفرۆشەکە دەرگای لێ دەکاتەوە، مامۆستای گەڕەکەکە پێیدەڵێت: “سوێند بە خوای تەعالا، موژدەیەکی زۆر خۆشم لە پێغەمبەرەوە (دخ) پێیە بۆ تۆ، بەڵام پێتناڵێم تا لەوە ئاگادارم نەکەیەوە، کە چ کارێکی چاکت لە پێناوی خوای گەورە کردووە؟!”.

میوەفرۆشەکە بەوە ڕازی نەبوو و سوور بوو لەسەر ئەوەی هیچ نەڵێت، بەڵام مامۆستاکە ناچاریکرد قسە بکات و ڕاستییەکە بدرکێنێت، میوەفرۆشەکە دەستدەکات بە گێڕانەوەی قسەکانی و دەڵێت: پێش ماوەیەك، هاوسەرگیریم لەگەڵ خێزانەکەم ئەنجامدا، پێنج مانگ بەسەر پرۆسەی هاوسەرێتییەکەماندا تێپەڕی، بۆم ئاشکرا بوو خێزانەکەم سکپڕە و سکەکەی نۆ مانگییە..!، ((واتا ژنەکەی پێش چوار مانگ لە هاوسەرگیرییەکەیان، داوێنپیسی کردووە و سکپڕ بووە و منداڵەکە لەو نییە)).

میوەفرۆشەکە درێژە بە قسەکانی دەدات و دەڵێت: دەمتوانی تەڵاقی بدەم، ئەوەش دادگەرییە.. دەمتوانی ڕیسوای بکەم، ئەوەش دادگەرییە.. دەمتوانی هۆکاری ئەوانەش باس بکەم و خەڵکیش لەگەڵم دەبوون، تەنانەت کەسوکارەکەشی لەگەڵم دەبوون، چونکە پێش من، ئەوان و ئەوانەشی لە دەوروبەری منن، شەرمەزار و ڕیسوا کردووە.. بەڵام من هیچ شتێکم لەوانە نەکرد، بەڵکو هەڵسام هانمدا تەوبە بکات و منیش ئەو بابەتە دابپۆشم و بیشارمەوە!.

خێزانەکەم سکەکەی دانا و کوڕێکی بوو، منیش لە کاتی نوێژی بەیانیدا منداڵەکەم خستە ناو عەبایەك و هەڵگرت و چووم لە پێش (مزگەوتی ئەلوەرد) وەستام، چاوەڕێم کرد تا مامۆستا دەستیکرد بە نوێژکردن و نوێژخوێنانیش لەگەڵی بە کۆمەڵ نوێژیان دەستپێکرد، چوومە مزگەوت و منداڵەکەم لە پێش دەرگا دانا و لەگەڵ نوێژخوێنان دەستمکرد بە نوێژکردن، وەکو ئەوەی ئاگاداری هیچ نەبم!.

کە نوێژمان تەواو کرد و هاتینە دەرەوە، دیتمان منداڵەکە دەگریێ..!، نوێژخوێنان لە دەوری کۆبوونەوە، منیش چوومە لایان، پێموتن: خێرە ئینشاڵا، چ ڕوویداوە..؟!، وتیان: نازانین چ بێویژدانێك ئەو منداڵە ساوایەی لێرە فڕێداوە..!، منیش وتم: بیدەنە من، من بەخێوی دەکەم!!.

بەڵێ، لەبەر چاوی خەڵکی گەڕەکەکە وای پیشاندا کە منداڵەکە فڕێدراوە، ئیدی لەولاشەوە منداڵەکەی دایەوە دەست و باوەشی دایکی!.

بەڕێزان، ئەو پیاوە بەو کارەی، وایکرد خێزانەکەی تەوبە بکات لەو گوناهە گەورەیە، عەیب و خەوشەکەشی داپۆشی، ڕێگەشی پێدا کوڕەکەی خۆی بەخێو بکات.

بەڕێزان، دەرفەتی لەو جۆرە یەك جار لە تەمەنت ڕوودەدات، بۆیە قەت سڵ مەکەوە لە چاکەکردن و داپۆشینی عەیب و خەوشەکانی خەڵك.

إرسال تعليق