Ads (728x90)

ناپۆلی بە شایستەیی جامی سوپەری ئیتاڵیای بەدەستهێنا
کەمێك لەمەوبەر، یاری جامی سوپەری ئیتاڵی لە نێوان هەردوو یانەی یۆڤانتۆس (پاڵەوانی خولی پلە یەکی ئیتاڵی) و یانەی ناپۆلی (پاڵەوانی جامی ئیتاڵیا) بە بردنەوەی ناپۆلی بە لێدانەکانی یەکلاکەرەوەبە ئەنجامی 6-5 کۆتاییهات، پاش ئەوەی کاتی یاسایی و زیادکراوی یارییەکە بە یەکسانبوون بە 2-2 گۆڵ کۆتاییهات.

یارییەکە لە دەرەوەی خاکی ئیتاڵیا و بە دیاریکراوی لەسەر یاریگای “جاسم کوڕی حەمەد”ـی تایبەت بە یانەی “ئەلسەدد” لە دەوحەی پایتەختی وڵاتی قەتەڕ بەڕێوەچوو، تێیدا لە خولەکی 5ـی گێمی یەکەمی یارییەکەدا، هێڕشبەری ئاستبەرزی ئەرجەنتینی “کارلۆس تێڤێز” یانەی یۆڤانتۆسی کردە خاوەنی گۆڵی یەکەم، ئیدی یاریزانانی ناپۆلی بە ئاستێکی بەرزتر و باشتر دەرکەوتن و چەندین هەلی تۆمارکردنی گۆڵیان لەدەستدا، ئەو گێمەش بە پێشکەوتنی یانەی یۆڤانتۆس بە گۆڵێکی بێبەرامبەر تەواو بوو.

لە گێمی دووەمی یارییەکەدا، یانەی ناپۆلی بەردەوام بوو لە پلانی هێڕشبردن و چڕکردنەوەی هەوڵەکانیان بۆ یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکە، یانەی یۆڤانتۆسیش پاشەکشەیەکی ئاشکرای پێوە دیار بوو، تا  لە خولەکی 68ـی یارییەکەدا، هێڕشبەری ئاستبەرزی ئەرجەنتینی “گۆنزالۆ هیگواین” بە لێدانێکی سەر توانی گۆڵێكی جوان تۆمار بکات و ناپۆلی بخاتەوە سەر ڕێچکەی ڕاستی یارییەکە و ئەنجامەکە بووە 1-1.

بەو گۆڵەی ناپۆلی، یاریزانانی یۆڤانتۆس درکیان بە مەترسی ڕاستەقینەی کاردانەوەکانی کەشوهەوای یارییەکە کرد و تا ئاستێك هاوسەنگی لە یارییەکەدا دروستبوو، بەڵام وێڕای ئەوەش کاتی یاسایی یارییەکە بە ئەنجامی یەکسانبوونی ئیجابی 1-1 کۆتاییهات.

ناوبژیوان بڕیاریدا لە کاتی زیادکراودا یارییەکە یەکلایی بکرێتەوە، لە گێمی زیادکراوی یەکەمدا ئەنجامەکە وەکو خۆی مایەوە، بەڵام لە گێمی زیادکراوی دووەم و لە خولەکی 106ـدا، جارێکی دیکە “کارلۆس تێڤێز” بووە فریادڕەسی یانەی یۆڤانتۆس و گۆڵی دووەمی تۆمار کرد، بەڵام لە خولەکی 118ـدا، “گۆنزالۆ هیگواین” بە گۆڵێکی کوشندە یانەی یۆڤانتۆسی بێهیوا کرد و گۆڵی دووەم و یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکەی تۆمار کرد، ناوبژیوانیش فیکەی کۆتایی لێدا و هەردوو یانە پەنایان بردە بەر لێدانەکانی پەناڵتی بۆ دەستنیشانکردنی پاڵەوانی جامەکە.

سەرەنجام یارییەکە بە بردنەوەی یانەی ناپۆلی بە ئەنجامی 6-5 تەواو بوو و بە شایستەیی جامەکەیان بەرز کردەوە و نازناوێکی گرنگیان لە کۆتایی ئەمساڵدا بەدەستهێنا، بەو یارییە دراماتیکییە سەرنجڕاکێشەش، جارێکی دیکەش تۆپی پێی ئیتاڵی جوانی جارانی بۆ خۆی گەڕاندەوە.

إرسال تعليق