Ads (728x90)

بیرمەندێکی دیاری موسڵمان بە زیندانی هەتایی حوکمدرا
دادگایەکی چینی، سزایەکی ئێکجار قوڕسی بەسەر بیرمەندی دیاری ئیگۆری و موسڵمان “ئیلهام تۆهتی” سەپاند و، بە تۆمەتی کارکردن بۆ جوداخوازی بە زیندانیکردن بۆ هەتا هەتایە حوکمدرا.

“ئیلهام تۆهتی” لە بەردەم دادگایەك لە شاری “ئۆرۆمتشی” پایتەختی هەرێمی “شینجیانگ” ئامادەبوو، کە ناڕەوایانە سزا درا و بە شێوەیەکی داخ لە دڵانە بۆ هەتا هەتایە خرایە کونجی زیندانەوە، هەروەکو پارێزەرەکەی بە ئاژانسی “فرانس پرێس”ـی ڕاگەیاندووە.

ئەو بیرمەندە دیارە، لە ناوەڕاستی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ لە پایتەختدا دەستگیرکرا و بەرەو شوێنێکی نادیار بردرا، ژمارەیەکی زۆریش لە بیرمەند و چالاکوان و ڕیفۆرمخوازان پشتگیری خۆیان بۆ دەربڕی.

پارێزەرەکەی کە ناوی “لیۆ تشاویان”ـە، دوای دەرچوونی حوکمەکە ڕایگەیاند، حوکمدانەکەی “ئیلهام تۆهتی” بە تۆمەتی کارکردن بۆ جوداخوازی بوو، هەموو موڵك و ماڵیشی دەستی بەسەردا گیراوە، بەڵام ئەو تەنها ئەوەندەی وت: “بەو حوکمە ڕازی نابم و ناڕەزایەتیم هەیە لەسەری”.

 بە گوێرەی وتەی پارێزەرەکەشی، “ئیلهام تۆهتی” داوای تێهەڵچوونەوە بۆ حوکمە قوڕسەکەی دەکات و پێی ڕازی نابێت.

لای خۆشیانەوە، یەکێتی ئەوروپا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕەخنەیان گرت لەو دادگاییکردنە، بەڵام داواکردنەکەشیان بۆ ئازادکردنی حوکمدراو سوودی نەبوو، تەنانەت ڕێگە بە چاودێرەکانی وڵاتانی خۆرئاواش نەدرا بچنە ژووری دادگاوە.

جێگەی ئاماژە بۆ کردنە، کە “ئیلهام تۆهتی” سەرەڕای ئەوەی بیرمەندێکی دیاری موسڵمانی چینییە، هاوکات پسپۆڕێکی ئابووریشە و مامۆستاشە لە زانکۆی کەمینەکان لە پەکینی پایتەختی چین، چەندین کتێبیشی داناوە، چاودێرێکی سەربەخۆش بوو لە پەرەسەندنەکانی هەرێمی “شینجیانگ”.

إرسال تعليق