Ads (728x90)

دەربارەی ئەو پرسە شەرعییەی، ئایا دروستە موسڵمانان بە تەنها لە ڕۆژی هەینیدا بەڕۆژوو بن، بەبێ بەڕۆژووبوون لە ڕۆژانی دیکەی دەیەی حاجیان، لەو حاڵەتەی کە بەڕۆژووبوونەکەیان بکەوێتە ڕۆژی عەڕەفەوە؟، بە تایبەتیش کە ئەمساڵ ڕۆژی عەڕەفە دەکەوێتە ڕۆژی هەینییەوە.

زانایان ڕای ڕوونیان لەسەر ئەو پرسە شەرعییە هەیە و دەفەرموون: بەڕۆژووبوونەکەیان دروستە و کێشەی تێدا نییە، تەنانەت ئەگەر ڕۆژێکیش پێش ڕۆژی هەینی یان پاش ڕۆژی هەینی بەڕۆژوو نەبن.

هەروەها زانایان دەفەرموون: پێویستە موسڵمانان کەمتەرخەم نەبن لە بەڕۆژوو بوون لە ڕۆژی عەڕەفەدا، چونکە بە ڕوونی سەلمێنراوە، کە پێغەمبەری خۆشەویستمان (دخ) هانیداوین بۆ بەڕۆژوون لە ڕۆژی عەڕەفە و خێر و پاداشتە گەورەکەی بۆ ڕوونکردینەتەوە، کاتێك دەفەرمووێت:  “يوم عرفة يكفر سنتين: ماضية ومستقبلة، وصوم يوم عاشوراء يكفر سنة ماضية”، ئەو فەرموودە لەلایەن (أحمد ومسلم وأبو داود) ڕیوایەت کراوە، واتای فەرموودەکە: بەڕۆژوون لە ڕۆژی عەڕەفە گوناهەکانی دوو ساڵ ڕەش دەکاتەوە، ساڵی پێشوو و ساڵی داهاتوو، بەڕۆژووبوونیش لە ڕۆژی عاشوڕا گوناهەکانی ساڵی ڕابردوو ڕەش دەکاتەوە.

دەربارەی ئەو فەرموودەیەی سەرەوە لەسەر بەڕۆژووبوون لە ڕۆژی عەڕەفەدا، حوکمەکەی تایبەتکراوە، لەبەر ئەو فەرموودەیەی پێغەمبەر (دخ) کە فەرموویەتی: “لا يصومن أحدكم يوم الجمعة إلا من يصوم يومًا قبله أو بعدها”، ئەو فەرموودە لەلایەن (أحمد ومسلم وأبو داود) ڕیوایەت کراوە، واتای فەرموودەکە: هیچ یەکێکتان لە ڕۆژی هەیندا بەڕۆژوو نەبێت، مەگەر ڕۆژێك لە پێشی یان لە پاشی بەڕۆژوو بووبێت.. کە واتە گشتگیری نەهی ئەو فەرموودەیە بۆ ئەو حاڵەتەیەیە، ئەگەر موسڵمان تەنها لە ڕۆژی هەینیدا بەڕۆژوو بێت، لەبەر ئەوەی ڕۆژی هەینییە، نەوەکو لەبەر ئەوەی بۆنەیەکی دیکەی ئایینی تێدایە، ڕۆژی عەڕەفە بە نموونە.

لە سۆنگەی ئەو زانیارییانەی سەرەوە و بە پشتبەستن بە ڕا و بۆچوونی زانایان، ئەگەر کەسێك ڕاهاتبێت لەسەر بەڕۆژووبوونی ڕۆژی عەڕەفە بە تەنیا، بەبێ بەڕۆژووبوون لە ڕۆژانی دیکەی دەیەی حاجیان، ئەوە بەڕۆژووبوونەکەی لە ڕۆژی عەڕەفە، تەنانەت ئەگەر ئەو بەڕۆژووبوونەی بکەوێتە ڕۆژی هەینیشەوە، هەروەکو ئەمساڵ ئەوە ڕوودەدات، هیچ کێشەیەك نییە و، دروستە تێیدا بەڕۆژوو بێت، بەبێ ئەوەی ڕۆژێك لە پێش هەینی یان لە دوای هەینی بەڕۆژوو بێت، والله أعلم.

ئامادەکردنی/ سەرنووسەری ماڵپەڕی قەڵەم پرێس

إرسال تعليق