Ads (728x90)

سەرنجڕاکێشترین قوتابخانە لەسەر ئاستی جیهان!
وڵاتانی دونیا گرنگی و بایەخی لە ڕادەبەدەر بە سیستەمی پەروەردە و فێرکردن و خوێندنی هەمەلایەنە و دابینکردنی هەموو پێداویستییەکان و ڕەخساندنی زەمینەسازی گونجاو دەدەن، ئەوەش لە پێناو پێگەیاندن و بەرهەمهێنانی نەوەیەکی زرنگ و بەرپرسیار بەوپەڕی لێهاتوویی هەمەلایەنەوە، بۆ ئەوەی کاتێكیش کە گەورە دەبن، هەمیشە بیر لە خۆشەویستی وڵاتەکەیان بکەنەوە و لەو ڕوانگەیەوە کار و کۆشش بکەن بۆ داهاتووەکەی.

لە بابەتەکانی ڕابردووی ماڵپەڕەکەماندا، تیشکمان خستە سەر مووچەی مامۆستایان لە وڵاتان لە جیهان، ئەوەشمان ڕوون کردبوويەوە، کە پێشکەوتنی وڵاتانی دونیا لە ڕووی پەروەردە و فێرکردنەوە، تەنیا  لەسەر بنەما ئابوورییەکان ناوەستێت، بەڵکو ئەوە پەرۆشی و دڵسۆزییە وایکردووە پێشبکەون و لە پێشەنگ دابن، لێرەشدا نموونەیەك لەسەر ڕادەی خەمخۆری و گرنگیدانی وڵاتی چین دەهێنینەوە، کە چۆن پەرۆشی بۆ قوتابیان و خوێندکاران وای لێکردوون بیر لە هەموو شتێکی چاك و سوودبەخش بکەنەوە و چارەسەری کێشە و گرفتەکان بکەن، هەر چەندیش ئاڵۆز و ئەستەم بن، لە سەرووی هەمووشیانەوە، زۆر پەرۆشی سەلامەتی و پێشکەوتنیانن.

هەر لەو بارەیەوە ئیدارەی پەروەردە و ستافی قوتابخانەیەکی سەرەتایی لە هەرێمی “تشجیانگ” لە چین، سوودیان لەسەر بانی باڵاخانەی قوتابخانە وەرگرتووە، چونکە بەهۆی نەبوونی ڕووبەری پێویست لەسەر زەوی باڵاخانەکە، هەڵساون بە دروستکردنی گۆڕەپانی ڕاکردن لەسەر بانی باڵاخانەی قوتابخانەکە بە درێژایی 200 مەتر، کە 1600 خوێندکار و قوتابی لە بواری پەروەردەی جەستەیی دەتوانن تێیدا ڕا بکەن و ڕاهێنانە وەرزشییەکانیان تێدا ئەنجام بدەن!.

ماوەتەوە بڵێین، گۆڕەپانەکە ڕەچاوی سەلامەتی خوێندکار و قوتابیانی تێدا کراوە، بەوەی سێ چینی پارێزەر لەخۆدەگرێت، لە دەرەوەش بە دیوارێکی شووشەیی  بە درێژایی 1,8 مەتر دەور دراوە، لە ناوەوەش پەرژینێکی ئاسنی بە دەوردا هێنراوە، بێجگە لەوانەش چەند کامێرایەکی چاودێری بۆ جێگیر کراوە بە مەبەستی ئاگاداربوون لە ڕەوشی ڕاهێنان و و وەرزشکردن و سەلامەتی خوێندکاران.


إرسال تعليق