Ads (728x90)

بۆچی لە کاتی دوعا کردندا دەستەکانمان بەرز دەکەینەوە..؟
زانایانی ئیسلام و شەرعزانان بەرزکردنەوەی دەست لە کاتی دوعا کردندا پشتڕاست دەکەنەوە، بەو واتایەی کە دوعا کردن و پاڕانەوە بەو شێوەیەی کە دەینوێنین لە بەرزکردنەوەی دەستەکانمان، لە ڕووی شەرعەوە پەسندکراوە و ئیشکالییەت هەڵناگرێت.

بەڵام ئەوەی پێویستی بە هەڵوەستە لەسەرکردن و ڕوونکردنەوە هەیە، حیکمەت و نهێنی چییە لە بەرزکردنەوەی دەستەکانمان لە کاتی دوعا کردن و پاڕانەوەدا..؟!، لەو بابەتەماندا ئەو بابەتە لە دیدگای ڕا و بۆچوونی زانایان و شەرعزانان شیدەکەینەوە.

زانایان ئیجتیهادیان کردووە لەو ڕووە و چەندین سوود و نهێنی و حیکمەتی بەرزکردنەوەی دەستەکانمان لە کاتی دوعا کردن و پاڕانەوەدا باسدەکەن، لەوانە:


  • لە کتێبی "مرعاة المفاتیح شرح مشکاة المصابیح" دا هاتووە: وتراوە کە حیکمەت لە بەرزکردنەوەی دەستەکانمان لە کاتی دوعا کردن و پاڕانەوەدا بەرەو ئاسمان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی، کە ئاسمان قیبلەی دوعا و پاڕانەوەیە و لەوێوە ڕزق و ڕۆزی و وەحی دادەبەزێتە سەرزەوی و شوێنی ڕەحمەت و بەرەکەتە.
  • شێخی ئیسلام "إبن تیمیة": بەرزکردنەوەی دەستەکانمان لە کاتی دوعا کردن و پاڕانەوەدا بەرەو ئاسمان، لە بەڵگەکانی بەرزی خوای پەروەردگار دەژمێرێ.
  • "إبن رجب" لە کتێبەکەیدا "جامع العلوم و الحكم" دا دەڵێت: هەندێك لە زانایانی پێشینە دەڵێن: بەرزکردنەوەی دەستەکانمان لە کاتی دوعا کردن و پاڕانەوەدا بەرەو ئاسمان، نزیکبوونەوەیە لە خوای گەورە.
  • "شیخ عطیة صقر": بەرزکردنەوەی دەستەکانمان لە کاتی دوعا کردن و پاڕانەوەدا بەرەو ئاسمان لەو حاڵەتە دەچێت کاتێك هەژارێك لەسەر چۆك دادەنیشێت و داوای چاکە لە دەوڵەمەندێك دەکات لەو کاتەی پێویستی زۆری بەو چاکەیە هەیە، ئەو حاڵەتەش هەست و سۆزی دەوڵەمەندەکە دەبزوێنێت، موسڵمانانیش بە بەرزکردنەوەی دەستەکانیان لە کاتی دوعا کردن و پاڕانەوەدا بەرەو ئاسمان، بەو شێوەیەیە کە داوای چاکە لە خوای گەورە دەکات، هەر بۆیەش پێغەمبەر "دخ" بەو شێوەیە دوعای کردووە، والله أعلم.

إرسال تعليق