Ads (728x90)

باڤارییەکان بوونە خاوەنی خێراترین نازناوی بۆندسلیگا
لە کەشوهەوایەکی ئاهەنگئامێزدا، یانەی بایرن میونخی ئەڵمانی بووە خاوەنی خێراترین نازناوی خولی ئەڵمانی “بۆندسلیگا”، پاش ئەوەی دوێنێ شەو لە دەرەوەی یاریگای خۆی بە ئەنجامی (3-1) گۆڵ سەرکەوتنی بەسەر یانەی هێرتا بەرلین بەدەستهێنا، بەمەش یانە باڤارییەکە بۆ جاری 24 و پێش حەوت هەفتە لە تەواوبوونی یارییەکان، بووە خاوەنی قەڵغانی خولی ئەڵمانی “بۆندسلیگا”.

بەو سەرکەوتنە گەورەیەی یانەی بایرن میونخ کە جێپەنجەی ڕاهێنەری ئیسپانی “پیپ گواردیۆلا” ی لەسەر نەخشێنراوە، بە شایستەیی جامی پاڵەوانێتییەکەیان بەرز کردەوە، ئەو دەستکەوتە مێژووییەش دەرفەتێکی ئێکجار گەورەی بەخشییە ڕاهێنەر و یاریزانانی یانە باڤارییەکە بۆ وەرگرتنی پشووی پێویست و خۆتەرخانکردن بۆ ڕکابەرییەکانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا “چامپیۆنسلیگا”، بە تایبەت کە یانەی بایرن هەڵگری نازناوەکەیە و بەهێزترین پاڵێوراوە بۆ دووبارە بەدەستهێنانەوەی نازناوەکە.

إرسال تعليق