Ads (728x90)

چیرۆکی وێنە بەناوبانگەکەی باکگراوەندی ویندۆز ئێکس پی
"تشاك ئۆرێر" ی تەمەن (60) ساڵ، کە فۆتۆگرافەرێکی ئەمریکی و وێنەگری پێشووی گۆڤاری "ناشناڵ جیوگرافیك" بووە، ئەو ڕۆژەی لە ڕێگەدا بوو بۆ ڕۆیشتن بۆ لای هاوڕێکەی، نەدەیزانی کە وێنەی دیمەنێکی سروشتی دەگرێت، کە لەلایەن دانیشتووانی هەموو جیهانەوە زۆرترین جار دەبینرێ.

ئەو لە ڕێگەی ڕۆیشتن بەرەو ناوچەی "سۆما" لە هەرێمی "نابا" لە باکوری ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکی، چاوی بە پانتاییەکی سەوزی شەپۆڵگرتوو دەکەوێت کە دەستەملانێی ئاسمانی شینی ساف بووە لەگەڵ بوونی چەند کەرتە هەورێکی سپی سووك، لەو دەمەدا دەوەستێت و لە جوانییەکانی ئەو وێنە قەشەنگەی سروشتدا ڕادەمێنێ، دیمەنەکە لە ناخەوە سەرسامی دەکا..!، یەکسەر زوومی کامێراکەی ئاراستەی ئەو دیمەنە دڵگیرە دەکات و وێنەیەك لەو سروشتە ڕازاوەیەی بەردەمی دەگرێت، بەبێ ئەوەی بزانێت ئەو وێنەیە دەبێتە وێنە سروشتییە بەناوبانگەکە کە زۆرترین جار بینراوە کە دواتر وێنەکە بە "Bliss" ناسرا و بووە وێنە بەناوبانگەکەی باکگراوەندی ویندۆز XP.

چیرۆکی وێنە بەناوبانگەکەی باکگراوەندی ویندۆز XP
وێنەکە ساڵی (1996) گیراوە، واتە پێش پێنج ساڵ لە وەشانی سیستەمی کارپێکردنی " ویندۆز XP" لەلایەن کۆمپانیای مایکرۆسۆفت، لە کاتی ئامادەکارییەکان بۆ هەڵمەتی ڕێکلام کردنی کۆمپانیای مایکرۆسۆفت بۆ " ویندۆز XP"، سەرپەرشتیارانی ئامادەکارییەکان بۆ هەڵمەتی ڕێکلام کردنەکە وێنەکەی "تشاك ئۆرێر" یان هەڵبژارد، چونکە وێنەکە بەلایانەوە زۆر سەرنجڕاکێش بوو بۆ هەڵمەتی ڕێکلام کردنەکە کە بڕی (200) ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخانکرا، هەڵمەتەکەش لە ژێر ناوی "بەڵێ، دەتوانی ـ Yes you can" سازکرا.

کۆمپانیای مایکرۆسۆفت هەڵسا بە کڕینی وێنەکە لە "تشاك ئۆرێر" بە بڕە پارەیەکی نەزانراو، پاش ئەوەی کۆمپانیاکە ڕێککەوتنێکی نهێنی لەگەڵ وێنەگرەکەدا ئیمزا کرد و مافی خاوەندارێتی وێنەکەی لێ کڕی.

شایەنی باسە ژمارەی ئەو کەسانەی ئەو وێنەیان بینیووە بە یەك ملیار کەس خەمڵێنراوە، هەندێك ڕاپۆرتیش کە لە مایکرۆسۆفتەوە دەرچوون، دووپات لەوە دەکەنەوە کە وێنەکە دووەم گرانبەهاترین وێنەیە لە جیهان، بۆ زانیاریش گرانبەهاترین وێنە لە جیهان ئەو وێنەیەیە کە ناوی "Rhein II" هەڵدەگرێت و بە بڕی (4.3) ملیۆن دۆلار فرۆشراوە.

إرسال تعليق