Ads (728x90)

بەهۆی جگەرەکێشانەوە قاچەکانی لەدەستدا
ژنێکی بەڕیتانی کە لە تەمەنی چل ساڵیدایە، داوای لە دەستەڵاتدارانی وڵاتەکەی کرد، وێنەکەی لەسەر پاکەتەکانی جگەرە دابنێن، بۆ ئەوەی هۆشداری بدەنە گەنجان لە مەترسییەکانی جگەرەکێشان، ئەوەش پاش ئەوەی بەهۆی جگەرەکێشانەوە هەردوو قاچەکانی بڕدرانەوە.

بەهۆی جگەرەکێشانەوە قاچەکانی لەدەستدا
“ڤیکتۆریا مارکس” نەشتەرگەری بڕینەوەی هەردوو قاچەکانی بۆ ئەنجامدرا، دوای ئەوەی بە درێژایی بیست ساڵ نەوسن بوو لە جگەرەکێشاندا، تووشی نەخۆشییەکی دەگمەن هات کە بە زاراوەی پزیشکی پێیدەڵێن “بیورگەر”، کە ئەو نەخۆشییەش لە ئەنجامی تەسکبوونەوە و گیرانی خوێنبەرەکان لە هەردوو دەست و قاچەکان سەرهەڵدەدات، کە ئەوەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بڕەکانی خوێن لە بەشە چنراوەکانی قاچدا.

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی “دەیلی مەیل” ی بەڕیتانی، تووشبوونی “ڤیکتۆریا مارکس” بەو نەخۆشییە دەگمەنە، بووە هۆی مردنی بەشە چنراوەکانی هەردوو قاچی، ئەوەش بڕینەوەی قاچەکانی کردە شتێکی حەتمی، هەروەها ناوبراو هەڕەشەی ئەوەشی لەسەرە کە هەردوو باسکەکانی ببڕدرێنەوە، بۆیەشە “ڤیکتۆریا مارکس” داوای لە دەستەڵاتدارانی وڵاتەکەی کردووە وێنەکەی لەسەر پاکەتەکانی جگەرە دابنێن، بۆ ئەوەی ببێتە پەند و عیبڕەت بۆ هەموو ئەو جگەرخۆرانەی سڵ ناکەنەوە لە درێژەدان بە جگەرەکێشان.

إرسال تعليق